سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو هێزەكانیان لە رێگەی 50 فڕۆكەی جەنگییەوە، چەندان پێگە و بنكەی پێوەند بە دامەزراوەی ئەتۆمی ئێرانی لە تاران بۆردمان كرد، بەوەیش زیانی زۆری بەو وڵاتە گەیاندووە.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم 18ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی بەیاننامەكەی سوپای ئیسرائیل، ئەو شوێنانەی لە شەوی رابردوو هێرشیان كراوەتەسەر، پێگەیەكی ناوەندیی پێوەند بە دامەزراوەی ئەتۆمی بۆردمان كراوە، جیا لە بۆردمانكردنی چەندان بنكە و كۆگەی بەرهەمهێنانی چەك و مووشەك لە تاران و وێران كراون.
بەپێی بەیاننامەكە، هێرشەكەیان بەشێكە لەو هەوڵانەی لە ئامانجدایە بەرنامەی گەشەپێكردنی چەكی ئەتۆمیی ئێرانی وێران بكەن، بۆیە پێگەی ناوەندیی پێوەند بە دامەزراوەی ئەتۆمییان لە تاران بۆردمان كردووە، ئێران لە هەوڵی ئەوەدا بوو لەو رێگەیەوە یورانیۆمی زیاتر بپیتێنێت كە مەبەست لێی گەشەپێدانی چەكی ئەتۆمی بووە. دووپاتی كردووەتەوە كە ئەگەر مەبەستی ئێران دروستكردنی چەكی ئەتۆم نەبووبێت، بۆ ئامانجی مەدەنی پێویستیی بە پیتاندنی ئەو رێژە زۆرەی یورانیۆم نابێت.
سوپای ئیسرائیل دووپاتی كردووە كە وێڕای ئەو هێرشەیان بۆ سەر ئەو پێگەیەی پێوەند بە دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران، هاوكات هەر ئەمشەو چەندان ئامانجی تریان بۆردمان كردووە كە بۆ بەرهەمهێنانی چەك بەكار هێنراون، بەوەیش تواناكانی ئێرانیان لاوازتر كردووە.
لە بەرەبەیانیی هەینی 13ی حوزەیران، ئیسرائیل دەستی بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران كرد و ئێوارەكەی ئێران وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیلی دایەوە و جەنگەكە لە شەشەم رۆژدا درێژەی هەیە. هاوكات بەپێی میدیاكانی ئیسرائیل و دنیا، ئەگەری زۆرە ئەمەریكایش لە دژی ئێران بێتە ناو جەنگەكەوە.