حكوومەتی ئێران: لە بەرانبەر بە هەڕەشەكان سێ بژارەمان لەپێشە

:: PM:06:07:18/06/2025 ‌

ئەمڕۆ شەشەم رۆژە ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ سەر ئامانجە سەربازی و ئەتۆمی و مووشەكییەكانی ئێران بەردەوامە، وەك سوپای ئیسرائیل دەڵێت هێرشیان كردووەتە سەر 1100 ئامانجی ئێران، شارەزایان پێیان وایە ئەمەریكا و ئیسرائیل دەیانەوێ ئێران بە تەواوەتی خۆی رادەست بكات و بە هاوشێوەی لیبیا دامەزراوە ئەتۆمییەكانی لێكهەڵوەشێنێتەوە، ئێستە لە نێوان گەیشتن بەو ئامانجە بە دیپلۆماسیانە و بە شەڕ سەرپشكیان كردووە، حكوومەتی ئێرانیش دەڵێت سێ بژارەی لەپێشە.

فاتیمە موهاجیرانی گوتەبێژ بەناوی حكوومەتی ئێران دەڵێت، لە سایەی ئەو پەرەسەندنەی هەیە، ئەو بژارانەی لەبەردەم ئێرانن و تاوتوێیان دەكات، سێ سیناریۆی ستراتیجین، لەوانە داخستنی گەرووی هورمز و پاشەكشەكردن لە رێككەوتنی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی و زیادكردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم. 

ئەو لێدوانانی موهاجیرانی هاوكاتن لەگەڵ پەرەسەندنی زیاتری دۆخەكە، لە دوای هێرشە فرەوانەكەی ئیسرائیل بۆ سەر تاران و كوشتنی دەیان فەرماندەی باڵای سەربازیی سوپای پاسداران و زانای ئەتۆمی و وێرانكردنی دەیان ئامانجی هەستیاری سەربازیی ئەو وڵاتە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل