ئەمەریكا ئێران لە هەوڵی داخستنی گەرووی هورمز وریا دەكاتەوە

:: PM:06:25:23/06/2025 ‌

لە دوای هێرشەكەی بەرەبەیانی دوێنێی ئەمەریكا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، تاران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی كرد، پەرلەمانی ئێران رەزامەندیی لەسەر بڕیارەكە دا، ئەمڕۆ ئەمەریكا تارانی لە هەوڵی داخستنی گەرووەكە وریا كردەوە.

كارۆلاین لیفیت گوتەبێژ بە ناوی كۆشكی سپی رای گەیاند، تا ئێستەش سەرۆك دۆناڵد ترەمپ گرنگی بە بژارەی دیپلۆماسی لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران دەدات، ئەو بە كەناڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی راگەیاند، ئەگەر رژێمی ئێران چارەسەری دیپلۆماسی و ئاشتییانە رەت دەكاتەوە، كە تا ئێستەش بژارەی سەرۆك ترەمپە، پرسیاری كرد، بۆچی گەلانی ئێران دەسەڵات لەو رژێمە توندوتیژە وەرناگرنەوە كە دەیان ساڵە دەیانچەوسێنێتەوە؟

گوتەبێژی كۆشكی سپی تارانی لە هەوڵی داخستنی گەرووی هورمز وریا كردەوە و گوتی، هەر بڕیارێكی ئێران بە داخستنی گەرووی هورمز كارێكی ملهوڕییە، لەوەتەی بۆردمانەكەی ئەمەریكا بۆ دامەزراوە ئەتۆمیەیكانی ئێران كراوە، پەیامی تایبەت و روون لەوبارەوە بە تاران دراوە، وێرانكردنی ئەو دامەزروانە خواستی چەند سەرۆكێكی ئەمەریكا بوو، بەڵام هیچیان بوێری وێرانكردنی ئەوانیان نەكرد و سەرۆك ترەمپ ئەنجامی دا.

ئاماژەی كرد، ئەمەریكا لە نزیكەوە چاودێریی دۆخی گەرووی هورمز دەكات، رژێمی ئێران دەبەنگە ئەگەر ئەو رێڕەوە سەرەكییە دەریاییە دابخات، كە نزیكەی 20%ی نەوتی دنیای پێدا تێپەڕ دەبێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل