دوای ئەوەی دوێنێ بۆمبهاوێژكانی ئەمەریكا سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێرانیان بۆردمان كرد، ئێران بەڵێنی وەڵامدانەوەی دا، ئەمڕۆ ئێوارە ئێران سەكۆی هەڵدانی مووشەكەكانی جوڵاند و مووشەكبارانی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە قەتەر و عێراق دەست پێ كرد.
میدیاكانی ئێران رایان گەیاند كە دەستیان كردووە بە كردنەئامانجی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و قەتەر، لەوكاتەی ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی باسی هەڵدانی شەش مووشەكی لە ئێرانەوە بەرەو بنكەی عودەیدی لە قەتەر كرد، سەرچاوە ئیسرائیلییەكان ئاماژە دەكەن كە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە قەتەر بە 10 مووشەك بۆردمان كراون.
هێزە چەكدارەكانی ئێران دەڵێت، هێرشێكی هاوبەشی سوپا و سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە قەتەر و عێراق دەستی پێ كردووە، وەزارەتی بەرگریی قەتەر رای گەیاند كە بەرپەرچی هێرشێكی مووشەكیی ئێرانیان بۆ سەر بنكەی ئاسمانیی عودەیدی ئەمەریكی داوەتەوە و هیچ زیانێك بەهۆی مووشەكەكانەوە نەكەوتووەتەوە.