ئێوارەی ئەمڕۆ ئێران دەستی بە وەڵامدانەوەی هێرشەكەی دوێنێی ئەمەریكا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی كرد، ژمارەیەك مووشەكی ئاراستەی قەتەر كرد، كە بنكەی سەربازیی ئەمەریكای تیادایە، بەپێی میدیاكانی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە ژووری ئۆپراسیۆنەكان چاودێریی هێرشەكەی ئێران دەكات و دوای هێرشەكەش ئێران و قەتەر بەیاننامەیان هەبوو.
تۆڕی هەواڵی
"سی ئێن بی سی"ی لە بەرپرسێكی ئەمەریكای گواستەوە كە سەرۆك ترەمپ لەگەڵ وەزیری بەرگری و سەرۆك ئەركانی هاوبەشی ئەمەریكا لە ژووری ئۆپراسیۆنەكانن و چاودێری دۆخەكە دەكەن، هاوكات لەگەڵ مووشەكبارانكردنی بنكەی ئاسمانیی حودەیدەی ئەمەریكی لە قەتەر، هەواڵەكان باسی ئەوەیان كرد كە سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە بنكەی عەین ئەسەد لە عێراقیش ئەكتیڤ كراوە.
دوای هێرشەكەی ئێران بۆ سەر بنكەی عودەید لە قەتەر، وەزارەتی بەرگریی قەتەر لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە سیستمی بەرگریی ئاسمانی قەتەر بەرپەرچی هێرشە مووشەكییەكەی ئێرانیان داوەتەوە كە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، ئێستە ئاسمان و خاكی قەتەر سەلامەتە و تەواو ئامادەیە بۆ هەر ئەگەرێك، هێرشەكە پێشێلكاریی زەقی سەروەریی و بواری ئاسمانی قەتەر و یاسا نێودەوڵەتییەكانە و مافی وەڵامدانەوەی راستەوخۆی هێرشەكەمان هەیە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر سەركۆنەی هێرشەكەی كرد، كە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە كرایە سەر بنكەی ئاسمانی عودەید و داوای وەستانی راستەوخۆی تەواوی كردە سەربازییەكان و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ كرد، چونكە بەردەوامیی ئەو كارانە زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە دەگەیەنێت.
هاوكات ئێوارەی ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران بەیاننامەیەكی لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی بۆ سەر بنكەی ئاسمانیی عودەیدی ئەمەریكی لە قەتەر دەركرد و گوتی، دوای هێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، سوپای پاسداران بنكەی ئاسمانیی عودەیدی لە قەتەر بە مووشەك كردە ئامانج، كە گەورەترین بنكەی سەربازیی ئەمەریكایە لە رۆژئاوای ئاسیا و بارەگەی سەركردایەتیی هێزە ئاسمانییەكانی لێیە.