ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم سوپای پاسدارانی ئێران لە وەڵامی هێرشەكەی دوێنێی ئەمەریكا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، ژمارەیەك مووشەكی ئاراستەی بنكەی ئاسمانیی عودەیدی ئەمەریكی لە قەتەر كرد، مووشەكەكان بەرپەرچ درانەوە و هیچ زیانێكیان نەبوو، ئاژانسێكی هەواڵ باسی ئەوە دەكات كە بەر لە چەند سەعاتێك لە هێرشەكە ئێران ئەمەریكا و قەتەری ئاگەدار كردبووەوە.
ئاژانسی
"رۆیتەرز" بڵاوی كردەوە كە بەر لە ئەنجامدانی هێرشەكەی ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ سەر بنكەی ئاسمانی عودەیدی ئەمەریكی لە قەتەر، ئێران ئەو دوو وڵاتەی ئاگەدار كردبووەوە، تۆڕی هەواڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكیش دەڵێت، سوپای ئەمەریكا زانیاریی لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی ئێران هەبوو و خۆی بۆ ئامادە كردبوو و هێرشەكە كتوپڕ نەبوو.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر پێشتر ئەوەی راگەیاندبوو كە بنكە ئەمەریكییەكە چۆڵ كرابوو و بەهۆی هێرشەكەوە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكیش باسی ئەوەی كرد كە بەر لە هێرشەكە ئێران و قەتەر بە مەبەستی كەمكردنەوەی زیانەكان هاوئاهەنگیان كردووە.