ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێ‌ كرد

:: AM:09:02:24/06/2025 ‌
ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووە بواری جێبەجێكردنەوە، بەیانیی ئەمڕۆش ئێران چەند هێرشێكی مووشەكیی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام دا و ترەمپیش دەڵێت: "تكایە مەیشكێنن".

ئەمڕۆ سێشەم 24ـی حوزەیران، دەستەی پەخشی ئیسرائیل رای گەیاند، ئەو ئاگربەستەی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل كە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری لەسەر دا، چووە بواری جێبەجێكردنەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكاش رای گەیاند، نەماندەتوانی ئەم رێككەوتنەی ئەمڕۆ ئەنجام بدەین بەبێ لێهاتوویی و ئازایەتیی فڕۆكەوانە ناوازەكانی B-2 و هەموو ئەوانەی بەشداریی ئەو ئۆپراسیۆنەیان كرد.

دەشڵێت، بەشێوەیەكی دیاریكراو و زۆر سەرسوڕهێنەرانە، ئەو "لێدانە" نایابەی درەنگی شەو، هەموو لایەنەكانی كۆ كردەوە و رێككەوتنەكە ئەنجام درا.

سەرۆكی ئەمەریكا لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیال، رێككەوتنێكی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا راگەیاند و دەڵێ: ''ئاگربەستەكە بە پێنج قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، تكایە پێشێلی مەكەن".

لەبارەی ئاگربەستەكەوە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نووسیویەتی، لەم ساتەدا هیچ رێككەوتنێكی فەرمیی بۆ ئاگربەست و كۆتاهاتن بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان نییە.

دوای 12 رۆژ لە شەڕ، ئەم ئاگربەستە لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكاوە راگەیەنرا، لەدوای ئەو وادەیەوە شەڕی نێوانیان بەتەواوەتی كۆتایی دێت.



وشە - رامیار جەواد