ئێران توركە ئازەرییەكان چەكدار دەكات و توركیا لەمە نیگەرانە

:: AM:09:49:24/06/2025 ‌
ئێران توركە ئازەرییەكان چەكدار دەكات، ئەم كارەشی ناوناوە هەوڵێك بۆ رێگریكردن لە هاتنی هێزی چەكداری ئۆپۆزسیۆنی ئێران.

 رۆژنامەی یەنی "شەفەق"ی ئاك پارتیی دەسەڵاتداری توركیا رای گەیاند، بۆ رێگەگرتن لە دزەكردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ ناو خاكی ئێران، سوپای پاسداران چەك بەسەر ئەو توركە ئازەرانەدا دابەش دەكات كە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا دەژین.

یەنی شەفەق دوێنێ دووشەم 23ی حوزەیران بڵاوی كردەوە، بەهۆی جووڵەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لە سنوورەكە،  لە بنكەكانی سوپای پاسداران لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە گشتی و بەتایبەتی لە ورمێ، چەك بەسەر توركە ئازەرەكان و فارسەكاندا دابەش دەكرێت.

لەمبارەیەوە محەمەد پاكپوور فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ڕای گەیاندووە، خەڵك بۆ بەشداریكردن لەو سەفەربەرییە، سەردانی بنكەكان دەكەن و دوای پێشاندانی ناسنامە، چەكیان پێ دەدرێت و خۆبەخشانە هێڵی بەرگریی دروست دەكەن.

ئێران مەترسیی هەیە ئیسرائیل بەهاوكاریی توركیا، ئەو هێزانە لە دژیان بجووڵێنێت، یان لە ناوخۆدا چالاكی ئەنجام بدەن، بۆیە توركە ئازەرییەكانی ناوچەی ورمێ چەكدار دەكات وەك هەوڵێك دژی توركیا.

چەكداركردنی توركەكانی ناو ئێران، نیگەرانیی قووڵی توركیای لێ كەوتووەتەوە، بەگوتەی یەنی شەفەق، بەفەرمی ئەو نیگەرانییە بە ئێران دەدرێت.





وشە - سۆران عەزیز