وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رای گەیاند، ئاسمانی عێراق لە باشوور بەڕووی گەشتە ئاسمانییەكاندا كرایەوە، كاریش دەكەن بۆ كردنەوەی گەشتی سەرجەم فڕۆكەخانەكان.
ئەمڕۆ سێشەم 24ـی حوزەیران، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، كردنەوەی ئاسمانی عێراق لە ناوچەی باشوور، بەڕووی هاتوچۆی ئاسمانیدا دەستی پێ كردەوە.
مەیسەم سافی گوتەبێژی وەزارەتەكە دەڵێت، لەبەر رۆشنایی هەڵسەنگاندنی گەشتە ئاسمانییەكانی عێراق و رەزامەندیی دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عێراق، ئاسمانی عێراق بەڕووی هاتوچۆی فڕۆكەكان بۆ ناوچەی باشوور كراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، كارەكان بەردەوامن بۆ هەڵسەنگاندنی ئاسمانی بەگشتی، بەمەبەستی كردنەوەی بەڕووی هاتوچۆی فڕۆكەكان لە سەرانسەری عێراقدا.
ئەوە لە كاتێكدایە لە بەیانی ئەمڕۆوە ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێ كرد، لە ماوەی 10 رۆژیشدا هەزار و 200 گەشتی فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی وەستا بوون.