سوپاسالاری ئیسرائیل: هەڵمەتەكەمان لە دژی ئێران كۆتایی نەهاتووە

:: PM:08:58:24/06/2025 ‌

دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەم هاتە راگەیاندن كە ئیسرائیل و ئێران رێككەوتنێكی ئاگربەستیان كردووە و سەعات 7:00ی بەیانی هاتە جێبەجێكردن، كۆتایی بە شەڕێكی سەختی ئاسمانیی 12 رۆژە هات، لەوكاتەی بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات پابەندیی خۆیان بە مەرجی پێشێلنەكردنی رێككەوتنەكە بەستەوە، سوپاسالاری ئیسرائیل دووپاتی دەكاتەوە كە هەڵمەتەكەیان لە دژی ئێران كۆتایی نەهاتووە.

ئیال زامیر سوپاسالاری ئیسرائیل لە كۆبوونەوەیەكی دەستەی ئەركانی گشتی لە دوای جێبەجێبوونی ئاگربەستەكە گوتی، وەرزێكی گرنگیی شەڕ كۆتایی هات، بەڵام هەڵمەتەكە لە دژی ئێران كۆتایی نەهاتووە، بەڵكو دەچینە ناو وەرزێكی نوێ كە لەسەر دەستكەوتەكانی ئەو هەڵمەتەی ئێستە بنیات دەنرێت.

روونی كردەوە، توانیمان پڕۆژەكانی ئەتۆمی و مووشەكیی ئێران بۆ چەند ساڵێك دوا بخەین، ئێستەش سەرنج دەخەینە سەر گەڕانەوە بۆ كەرتی غەزە بۆ گەڕاندنەوەی بارمتە ئیسرائیلییەكان و لێكهەڵوەشاندنەوەی فەرمانڕەوایەتیی حەماس.

لای خۆیەوە بینی گانتس سەركردەیەكی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیلی گوتی، ئەگەرچی ئێران پێشێلكاری كردووە، بەڵام رێككەوتنی ئاگربەست بەردەوام دەبێت، بڕیاری دەست پێكردنەوەی شەڕ وەستاوەتە سەر رەفتار و هەڵسوكەوتی ئێران نەك سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، تۆماری نەرێنیی ئێران تەنیا پێوەست نییە بە ئیسرائیلەوە، بەڵكو بە دراوسێكانیشیەوە، ئێمە ئاشتیمان بۆ تەواوی ناوچەكە دەوێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل