دوای شەڕێكی سەختی 12 رۆژی، بەیانیی دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رێككەوتنێكی ئاگربەستی شەڕی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران راگەیاند و داوای لە هەردوولا كرد پێشێلی نەكەن، دووپاتی كردەوە كە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان لەناو بردووە و هەفتەی داهاتووش دەست بە گفتوگۆ دەكەنەوە و رەنگە رێككەوتن بگەن، لەو ناوەدا مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران و بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەریەكەیان بە جۆرێك باسی دۆخی دوای شەڕ دەكەن.
میدیاكانی ئێران لە پزیشكیانیان گواستەوە كە ئێران ئامادەیە بۆ هاریكاری بە مەبەستی چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكە، گوتی، ئێمە پاڵپشتی لە ناوچەیەكی بەتاڵ لە چەكی ئەتۆمی و چەكی كۆمەڵكوژ دەكەین، بەو مەرجەی ئەوە ئیسرائیلیش بگرێتەوە، ئێمە ئامادەین بۆ باشكردنی دۆخی تەناهی و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكەدا.
لای خۆیەوە نەتنیاهۆ دووپاتی لەوە كردەوە كە شەڕ بژارەیەكی باش نەبوو بۆ رووخاندنی رژێمی ئێران، دەبێت گۆڕانكاریی رژێمەكە لە رێگەی كودەتایەكەوە بێت لە ناوخۆی ئێران، ئەو لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل لە دوای وەستانی شەڕ روونی كردەوە، سەركەوتنێكی گەورەمان لە شەڕ لە دژی ئەو ستەمكارە بەدەست هێنا كە بۆ لەناوبردمان هاتووە، ئەو سەركەوتنە دوو هەڕەشەی لەناوبردنی لەسەر ئیسرائیل لابرد.
دووپاتی كردەوە، پێمان وابوو كە لە ئەگەری مانەوەی پێویستە رژێمی ئێران لاواز بكرێت، ئەگەر پێشبینی بۆ ئەگەری رووخانی رژێمەكە هەبووایە ئێمە لە هێرشەكان بەردەوام دەبووین، بەڵام دەركەوت كە دەبێت ئەو گۆڕانكارییە لە ناوخۆی ئێرانەوە بێت.