سوپای چین لە وەڵامی سەرۆكی تایوان: ئامادەین بۆ شەڕ

:: PM:05:09:26/06/2025 ‌

دوور لەو شەڕانەی چەند ناوچەیەكی دنیای وێران كردووە، لەوانە شەڕەكانی رووسیا و ئۆكراینا و ئێران و ئیسرائیل كە دوو رۆژە وەستاوە، وەزارەتی بەرگریی چین دووپاتی كردەوە كە سوپای ئەو وڵاتە بۆ شەڕ ئامادەیە، ئەوەش لە وەڵامی لێدوانەكانی سەرۆكی تایوان لەبارەی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە چین.

لەوكاتەی تا ئێستە چین تایوان بە بەشێك لە خاكەكەی دادەنێت، بەڵام بەرپرسانی تایوانی بەپشتبەستن بە ئەمەریكا باسی سەربەخۆیی دەكەن، ئەوەش دەماری چین دەگرێت، چانگ قانگ گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی بەرگریی چین رای گەیاند، سوپای چین بەهیچ شێوەیەك چاوپۆشی لە جموجۆڵە جیاخوازییەكان ناكات كە هەوڵی سەربەخۆیی تایوان دەدەن.

قانگ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا روونی كردەوە، سوپای چین بە چەند رێوشوێنێك ئامادەسازیی خۆی بۆ شەڕ زیاد دەكات لەپێناو پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و یەكێتیی خاكەكەی، بۆیە جموجۆڵی دەسەڵاتدارانی تایوان دۆخەكە بەرەو مەترسیداری دەبات و ئەوان هۆكاری خراپبوونی دۆخی ئابووریی گەلی تایوان. 

لە ماوەی دواییدا لای چینگ سەرۆكی تایوان چەند لێدوانێكی لەبارەی سەربەخۆیی تایوان لە چین دا، ئەو لە زنجیرەیەك گوتار دووپاتی كردەوە كە تایوان دەوڵەتێكی سەربەخۆیە و چین لە رووی یاسایی و مێژووییەوە مافی داواكردنی یەكخستنەوەی لەگەڵ خاكەكەی نییە.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل