گەشتیاران ناچنە توركیا و هۆتێل و خواردنگە و خانووەكان چۆڵن

:: AM:09:54:29/06/2025 ‌
 ئەمساڵ كەمترین ژمارەی گەشتیار سەردانی شارە گەشتیارییەكانی توركیایان كردووە، راگەیاندنی ئەو وڵاتە دەڵێن: لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا نموونەی نەبووە.

رۆژنامەی سۆزجوی توركی، شاری گەشتیاریی بۆدروومی بە نموونە هێناوەتەوە و نووسیویەتی، لە 30 رۆژی یەكەمی 90 رۆژی وەرزی گەشتیاریی ئەمساڵ كە وەرزی گەرمایە، بە خراپترین شێوە دەستی پێ كردووە، هۆتێل و خواردنگە و خانووە هاوینەكان چۆڵن، وەك ئەوەی پارە نەمابێت، كەس روویان تێناكات.

هەروەها دەڵێت، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو، رێژەی گەشتیار 35% كەمی كردووە، ئەگەر بۆ ساڵێكی تریش بەوشێوەیە بەردەوام بێت، رەنگە هیچ دوكاندارێك لەو شارەدا نەمێنێت.

شارەزایان پێیان وایە بەهۆی كێشە و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكەوە، چیتر گەشتیاران روو لە وڵاتانی توركیا و ئێرانیش ناكەن، ئەمەش زیانی گەورە بەژێرخانی ئابووری ئەو دوو وڵاتە دەگەیەنن.

ئەنتاڵیا كە ناسراوترین شوێنی گەشتیاریی توركیایە، رۆژنامەكە دەڵێت: بەم گەرمایە و بەم وەرزی گەشتیارییە ئەوەندە چۆڵە، دەرزی هەڵدەی كاتێك بەر زەوی دەكەوێت، گوێت لە دەنگی دەبێت.



وشە - سۆران عەزیز