تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک واشنتنی هەژاند... زانیاریی دژبەیەک لەبارەی قوربانییەکانەوە بڵاودەکرێتەوە

:: PM:10:40:29/06/2025 ‌
میدیاکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ یەکشەم 29ی حوزەیران بڵاویان کردەوە، تەقینەوەیەکی بەهێز باشووری واشنتنی پایتەختی هەژاندووە و زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بە بوونی قوربانی دەکەن.

ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" لەمبارەوە بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکەوە لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە نزیک واشنتن، کەسێک کوژراوە و دوو کەسی تریش بریندار بوون. تەقینەوەکە زیانی بە چەندین خانووی دەوروبەری گەیاندووە و دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی هۆشدارییان داوە کە هەندێک لە خانووەکان مەترسیی ڕووخانیان لەسەرە.

هەندێک ڕاپۆرتی هەواڵیی تر بوونی هەر جۆرە زیانێکی مادی یان گیانییان ڕەت کردووەتەوە، ئەمەش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، هێزە تەناهییەكان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و ناوچەکەیان گەمارۆ داوە و ڕێگە بە نزیکبوونەوەی خەڵک نادەن.

ڕۆژنامەی "دەیلی مەیڵ" لە زاری شایەتحاڵێکەوە گواستوویەتییەوە کە تەقینەوەکە لە شەقامی 23ی باشوور لە ئارلینگتۆن لە ویلایەتی ڤێرجینیا ڕووی داوە و ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری "مێرسیدس بنز سپرێنتەر"ی ڕەش بووە.

شایەنی باسە ئەمە یەکەمجار نییە ئۆتۆمبێلی لەم جۆرە دەتەقێتەوە، پێشتریش 11 حاڵەتی تەقینەوەی "مێرسیدس بنز سپرێنتەر" بەهۆی بەرزیی پلەکانی گەرماوە تۆمار کراوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، هۆکاری کۆتایی تەقینەوەکە هێشتا نادیارە و دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا لێکۆڵینەوەی وردیان لەبارەی ڕووداوەکەوە دەست پێ کردووە.


وشە - پۆڵا مەحموود