بەڕێوەبەری گشتیی پێوەندییەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق رای گەیاند، هەفتەی داهاتوو دانیشتنەكانی دادگای باڵای فیدراڵی دەست پێ دەكەنەوە و یەكەم دانیشتنیان تایبەتە بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
هاوڕێ تۆفیق بەڕێوەبەری گشتیی پێوەندییەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق رای گەیاند، لە دوای كۆتاهاتنی كێشەكانیان، هەفتەی داهاتوو دادگای باڵای فیدراڵی دانیشتنەكانی دەست پێ دەكاتەوە.
گوتیشی، لەبەرئەوەی پێش دەست لەكاركێشانەوەی ئەندامەكانی بڕیار بوو لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كۆ ببێتەوە و فەرمانسالاری دەربكات، دەبێت یەكەم دانیشتنیان بۆ ئەو پرسە تەرخان بكەن.
باسی لەوەش كرد، هەموو بۆچوونەكان بەو ئاراستەیەن كە دادگا فەرمانسالارییەك لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەربكات.
هەفتەیەك بەر لە ئێستە، شەش ئەندامی سەرەكیی دادگای باڵای فیدراڵی و سێ ئەندامی یەدەگیش، پێكەوە دەست لەكاركێشانەوەیان پێشكەش بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق كرد، ئەمەش بەهۆی ناكۆكی لە نێوان ئەو ئەندامانە و سەرۆكی دادگاكە لەلایەك، ناكۆكیی نێوان دادگای فیدراڵی و ئەنجوومەنی دادوەریی لەلایەكی تر.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕای گەیاند، جاسم محەمەد عومەیری سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی، بەهۆكاری تەندروستیی خانەنشین كرا و دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن جێگری سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی لە شوێنی كاندید كراوە، هاوكات ئەنجوومەنەكە داوای لە سەرۆكی كۆمار كردووە فەرمانی دامەزراندنی دەربكات.
دادگای فیدراڵی سەرۆك و هەشت ئەندامی سەرەكیی هەیە، لەگەڵ چوار ئەندامی یەدەگ كە بەمشێوەیە بەسەر پێكهاتەكان دابەش بوون: شیعە سەرۆكی دادگا و چوار ئەندامی هەیە، سوننە دوو ئەندام و كوردیش دوو ئەندام.