هاوپه‌یمانیى مه‌سیحیى كاسۆلیكى له عێراق، له راگه‌یەنراوێكدا ئاشكراى ده‌كات، جاسم عومه‌یرى سه‌رۆكى پێشووى دادگه‌ى فیدراڵى دادوه‌رێكى مه‌سیحیى له پۆسته‌كه‌ى دوور خستووه‌ته‌وه، له شوێنى ئه‌و؛ ژنێكى داناوه كه پێوه‌ندیى كه‌سى و تایبه‌تى له‌گه‌ڵ هه‌بووه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م، دووى ته‌مووز،
هاوپه‌یمانیى مه‌سیحیى كاسۆلیكى له عێراق، راگه‌یەنراوێكى بڵاو كردووه‌ته‌وه، تێیدا سه‌رۆكى پێشووى دادگه‌ى فیدراڵى به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات، پۆستى تایبه‌ت به پێكهاته‌ى مه‌سیحیى به ژنێك داوه، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى راسته‌وخۆ پێوه‌ندیى له‌گه‌ڵ هه‌بووه.
له راگه‌یەنراوه‌كه‌دا، دواى پیرۆزبایى له مونزیر ئیبراهیم سه‌رۆكى نوێى دادگه‌كه، هاوپه‌یمانیى كاسۆلیكى داوا له سه‌رۆكى دادگه ده‌كات، پارێزگارى له هاوسه‌نگیى نیشتمانى و مافى پێكهاته‌كان بكات. هه‌روه‌ها داواى لێ ده‌كات ئه‌و هه‌ڵه‌یه راست بكاته‌وه كه له سه‌رده‌مى سه‌رۆكى پێشووى دادگه‌كه رووى داوه، ئه‌ویش پێوه‌ندى به پۆستى سكرتێرى گشتیى دادگە هه‌یه، كه دادوه‌رێكى مه‌سیحى به‌ڕێوه‌ى بردووه، به ناوى "كه‌ره‌م گورگیس" كه‌چى سه‌رۆكى دادگه دوورى خستووه‌ته‌وه.
له ده‌قى راگه‌یەنراوه‌كه‌دا هاتووه، "هه‌رچه‌نده دادوه‌ر كه‌ره‌م گۆرگیس، به ده‌سپاكى و تواناكه‌ى ناسراو بوو، به‌ڵام به شێوه‌ى زۆرەملێ دوور خراوه‌ته‌وه، پۆسته‌كه به خانمێك دراوه پێوه‌ندیى راسته‌وخۆى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى پێشووى دادگەكه هه‌بووه، ئه‌مه‌ش سه‌رپێچییه‌كى زه‌قه بۆ نه‌ریت و ناوه‌ڕۆكى هاوبه‌شى نیشتمانى".
له كۆتایى راگه‌یەنراوه‌كه‌یش هاتووه، "گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و پۆسته بۆ نوێنه‌رى پێكهاته‌ى مه‌سیحى، ته‌نیا هه‌نگاوێكى كارگێڕى نییه، به‌ڵكو راستكردنه‌وه‌ى ره‌وتێكى هه‌ڵه‌یه، له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ى به‌ها بۆ هاوبه‌شى و هاوسه‌نگى، نوێكردنه‌وه‌ى متمانه به دادگەى فیدراڵى".
دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى له عێراق، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وى جاسم عه‌بوود عومه‌یرى، له سه‌رۆكایه‌تیى دادگەى فیدراڵى په‌سه‌ند كرد و خانه‌نشین كرا.