بەپێی ئاژانسی هەواڵی سووریا، ئەمڕۆ چوارشەم زنجیرەیەك تەقینەوە ناوچەی فوعەی لە دەشتی رۆژهەڵاتی پارێزگای ئیدلب گرتەوە، بەپێی سەرچاوەكان 10 تەقینەوە بوون، ئەوەش هاوكات لەگەڵ تەقینەوەی تانكەرێكی سووتەمەنی لە ناوچەی جبرین لە رۆژهەڵاتی پارێزگای حەما كە كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە.
بەپێی
میدیاكانی سووریا بە لایەنی كەم 10 تەقینەوە ناوچەی فوعەی هەژاندووە، تەقینەوەكان لە جبەخانەیەكی تەقەمەنی رووی داوە و باسی ئەوە دەكرێت بەهۆی بەرزیی پلەكانی گەرما تەقیوەتەوە.
هاوكات هەر ئەمڕۆ تانكەرێكی گواستنەوەی سووتەمەنی لە ناوچەی جبرین لە رۆژهەڵاتی پارێزگای حەما تەقیەوە و بە لایەنی كەم حەوت كەس كوژران و ژمارەیەكیش بریندارن، روانگەی مافی مرۆڤی سووریا لەوبارەوە دەڵێت، زنجیرەیەك تەقینەوەی بەهێز دەوروبەری ناوچەی فوعەی لە رۆژهەڵاتی ئیدلب هەژاند، دووكەڵێكی چڕ ناوچەكەی گرتەوە و خەڵكی ناوچەكە تووشی دڵەراوكێ هاتن.
روانگەكە و میدیاكانی سووریا باسی هۆكاری تەقینەوەكانیان نەكرد، ئەوەش دوای كاتێكی كەم هات لە تەقینەوەیەكی تری نادیار لە گوندی جبرین لە شاری حەما كە بەو هۆیەوە سێ كەس كوژران و پێنج كەسیش بریندارن و ژمارەیەك خانووی ناوچەكە زیانیان پێ گەیشتووە.