لە ماوەی دوایی هاتە راگەیاندن كە گرووپێك بە سەركردایەتیی كەسێك بە ناوی ئیمام یاسر ئەبو شەباب كە سەرۆك هۆزێكی چەكدارە، وەك شوێنگرەوەی حەماس لە كەرتی غەزە هەڵسوكەوت دەكات و لە لایەن ئیسرائیلەوە پاڵپشتی و ئاسانكاری بۆ دەكرێت، ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی سەر بە حكوومەنی حەماس لە كەرتی غەزە هەڕەشەی لە سەرۆكی گرووپەكە كرد و داوای خۆرادەستكردنەوەی لێ كرد.
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی حەماس، ماوەیەك بۆ ئەو كەسە دیاری كراوە بۆ خۆرادەستكردن و دادگاییكردنی بە تۆمەتی ناپاكی و دەستتێكەڵكردن لەگەڵ ئیسرائیل، ئەو بڕیارەش لە دادگای شۆڕشەوە دەركراوە، ماوەی 10 رۆژ بۆ ئیمام یاسر ئەبو شەهاب دیاری كراوە بۆ خۆرادەستكردن.
شایەنی باسە لەوكاتەی ئیسرائیل چەكدارانی حەماس بەوە تۆمەتبار دەكات كە دەست بەسەر بارهەڵگری گواستنەوەی یارمەتییە مرۆییەكان و خۆراك دەگرن كە بۆ فەلەستینییەكانی كەرتی غەزە دەچێت، ئەو گرووپە چەكدارە دەركەوتن بۆ پاسەوانیكردن لە كاروانی یارمەتییە مرۆییەكان، ئەو گرووپە بە سەركردایەتیی ئەبو شەهاب ددان بە دەسەڵاتی حەماس لە كەرتی غەزە دانانێن و بە هۆكاری نەهامەتییەكانی غەزەی دەزانن.
لەوكاتەی
بەیاننامەكەی حەماس داوای لە خەڵكی غەزە كرد زانیاری بەوان بدەن لەبارەی شوێنی ئەبو شەهاب و گرووپەكەی، كە لە ناوچەی رەفەح لە باشووری كەرتی غەزە لەو ناوچانەی ژێر دەستی ئیسرائیل هەن و حەماس بە دزینی یارمەتییە مرۆییەكان و كاركردنی بۆ ئیسرائیل تۆمەتباری دەكەن، دوو سەرچاوەی نزیك لە حەماس ئاماژەیان كرد كە بزووتنەوەكە هەوڵی كوشتنی ئەبو شەبابی داوە.
لەوكاتەی ئیسرائیل ئاماژە دەكات كە پاڵپشتی لە هەندێك هۆزی ناوچەكە دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی حەماس، گرووپەكەی ئەبو شەباب بە ناوی هێزە جەماوەرییەكان، كە گرووپێكی چەكدارییە لە رەفەح، خۆی بە گرووپێكی سەربەخۆ دادەنێت لەو ناوچانەی دەسەڵاتی حەماسیان تیادا نەماوە لە كەرتی غەزە كار بۆ پاراستنی كاروانی یارمەتییە مرۆییەكان دەكەن و حەماس بە هۆكاری ئەو نەهامەتییە دەزانن كە بەسەر غەزەدا هاتووە.