شەڕی رووسیا و ئۆكراینا بەردەوامە و كاریگەرییەكانی ئەو شەڕە ناراستەوخۆ لەسەر دۆخی ئەوروپا رەنگی داوەتەوە، بەپێی هەواڵەكان رووسیا لە پێشڕەوی بەردەوامە و ئەگەر دۆخەكە وا بڕوات سنوورەكانی دەسەڵاتی زیاتر لە وڵاتانی ئەوروپا نزیك دەبێتەوە، بەوەش دەكەونە ژێر هەڕەشەی گەورە لە داهاتوودا، دانیمارك بۆ رووبڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێك پەنا بۆ سەربازیكردنی بەزۆری ژنان دەبات.
بەم دواییە
پەرلەمانی دانیمارك بڕیارێكی پەسند كرد لە دوای یەكی تەمووزی ئەمساڵ ئەو كچ و ژنانەی دانیمارك كە تەمەنیا گەیشتووەتە 18 ساڵ ناچاری سەربازیكردنی بە زۆر دەبن لە چوارچێوەی سیستمی تیروپشك، ئەوەش بۆ یەكەمجارە لەوەتەی سوپای ئەو وڵاتە دامەزراوە وەك هەوڵی دانیمارك بۆ زیادكردنی ژمارەی سەربازانی و خۆسازدان بۆ پەرەسەندنی زیاتری شەڕی رووسیا و ئۆكراینا و پێویستییەكانی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی بۆ بەهێزكردنی توانا بەرگرییەكانی هاوپەیمانیەتییەكە.
ژمارەی دانیشتووانی دانیمارك شەش ملیۆن كەسە، خاوەنی نۆ هەزار سەربازە و پێشبینی دەكرێت تا ساڵی 2033 ژمارەی ئەوانەی ساڵانە دەچنە ریزەكانی سوپا بگاتە شەش هەزار و 500 كەس، لە 11ی مانگی رابردوو پەرلەمانی ئەو وڵاتە یاسای نوێی دەركرد ژنانی تەمەن 18 ساڵ ناچاری سەربازیكردنی بەزۆر بەپێی سیستمی تیروپشك لە یەكی تەمووزی ئەمساڵ دەكات، بەوەش یەكسان دەبن لەگەڵ پیاواندا.
بەپێی یاسای دانیمارك پێویستە هەموو پیاوانی سەرووی 18 ساڵ بانگەشەی خزمەتی سەربازیكردن بكرێن، بەڵام بەهۆی بوونی ژمارەی پێویستی خۆبەخشەكان، سیستمی تیروپشك پێڕەو كراوە، واتە سەربازیكردنی بەزۆر هەموو گەنجەكانی ئەو وڵاتە ناگرێتەوە، هەرچی ژنەكانە، دەیانتوانی تەنیا وەك خۆبەخش بچنە ریزی سوپا و لە 2024 ژمارەیان لەناو خۆبەخشانی سوپای دانیمارك چارەكێك بوو.