لەوكاتەی عێراق یەكێكە لە دەوڵەمندترین وڵاتانی ناوچەكە و دنیا لە رووی نەوت و غازەوە، گەل و وڵاتەكە بەدەست دەیان تەنگژەی قوڵەوە دەناڵێنن، هاوكات هێزە سیاسییە باڵادەستەكانی لە دۆخێكی دارایی زۆرباشدان و دەیان نووسینگە و ئەندام و دەزگای میدیایی و تەنانەت هێزی چەكداریان هەیە، كە هەر هەمووی پێویستی بە پارەیەكی زۆر هەیە، شارەزایەك باسی پێوەندیی ئەو حاڵەتە لەگەڵ گەندەڵی دارایی دەكات.
رەعد مەسعوودی شارەزای ئابووری ئاماژە دەكات، هێزە سیاسییە دەسترۆیشتووەكانی عێراق دەوڵەمەندییەكی زۆریان بەسەردا دیارە، ئەوان خاوەنی ژمارەیەكی زۆری نووسینگە و بارەگە و كارمەند و ئەندامن، خەرجی ئەوانەش ساڵانە چەندان ملیار دینارە، بێ بوونی داتا و زانیاریی فەرمی سەرچاوەی خەرجییەكانیان ئاشكرا بكات.
روونی كردەوە، ئێستە هەندێك لەو هێزە سیاسی و هاوپەیمانیەتییەكانیان خاوەنی سامانێكی گەورەن، بێ زانینی وردی سەرچاوەی ئەو پارەیە، هاوكات دۆسییەكانی گەندەڵی و بوونی وەزارەتەكان بۆ باڵ و سەرچاوەی دارایی ئەو هێزانە بووەتە دۆخێكی سەپاوی بەئازار، هەندێك لە هێزە سیاسییەكان سوود لە پڕۆژە حكوومەتییەكان دەبینن وەك سەرچاوەیەكی بەردەوام بۆ پڕكردنی سندووقەكانیان، لە دیمەنێك وەزارەتەكان بوونەتە هاوشێوەی باڵی ئابووریی ئەوان.
مەسعوودی ئاماژەی كرد، مووچەی باڵاترین بەرپرسانی حكوومەت بەشی مووچەی یەك بارەگەی حزبی ناكات، ئەوەش گومان دەخاتە سەر سەرچاوەی ئەو پارەی هەیانە، كەچی لە هەڵبژاردن هەموو هێزە سیاسییەكان چەندان ملیار دینار لە هەڵمەتی هەڵبژاردن خەرج دەكەن، بەوەش پارەی سیاسی دەبێتە ئامرازێكی یەكلاكەرەوە لە بردنەوەی لایەنێك لەسەر حسێبی لایەنی تر، ئەوەش وا دەكات هەڵبژاردن ببێتە گۆڕەپانێكی ناهاوتا و متمانەی هاووڵاتی بە تەواوی پرۆسەی سیاسی لاواز دەكات.