هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران، كە لە 12ی نیسانی رابردوو دەستی پێ كرد و پێنج گەڕی بەڕێوە چوو، راپۆرتەكان باسی نزیكبوونەوەی ئێرانیان بە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی كرد، لەو ناوەدا ئیسرائیل و ئەمەریكا لە مانگی حوزەیرانی رابردوو هێرشێكی كورت و گەورەیان كردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی تاران، كەچی راپۆرتەكان هێشتا باسی هەوڵەكانی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی دەكەن، لەوانەش تاقیكردنەوەیەكی بچووككراوەی ئەتۆمی ئەنجام داوە.
راپۆرتە رۆژئاواییەكان باسی ئەوە دەكەن دوێنێ سێشەم ئێران تاقیكردنەوەیەكی بەكارهێنانی كڵاوەیەكی بچووكی ئەتۆمی لە ناوچەیەكی دوورەدەست و چۆڵەوانی لە ئێران ئەنجام داوە، ئەوەش لە وەڵامی هەڕەشەكانی ئەمەریكا بۆ بەكارهێنانی چەكی تەكنیكیی ئەتۆمی بۆ وێرانكردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران.
بەپێی راپۆرتەكان ئەو تاقیكردنەوە ئەتۆمییەی ئێران لە چوارچێوەی پەرەسەندنەكان لەگەڵ ئیسرائیل دێت كە دەبێتە خاڵێكی گفتوگۆكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و بنیامین نتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئێسرائیل هەفتەی داهاتوو لە واشنتن.
سەرەڕای نەبوونی هیچ دووپاتكردنەوەیەك لە لایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لەبارەی ئەنجامدانی ئێران ئەو تاقیكردنەوەیە، كەچی وێنەی مانگە دەستكردەكان كە لە سەرەتای ئەم مانگە گیراون، بوونی جموجۆڵێكی نائاسایی لە نزیك ناوچەی دەشت كوێر پێشان دەدات كە ناوچەیەكی دوورە دەست و چۆڵەوانییە و ئەگەری هەیە لەوێ لەژێر زەوی تاقیكردنەوەكە ئەنجام درابێت، ئەوەشی گومانی زیاتر كردووە، بەرپرسێكی باڵای ئێران لە وەڵامی پرسیارێك لەوبارەوە گوتی، ئەو بابەتێكی سەروەریی و تایبەتە بە دەوڵەتی ئێران.