شەڕی دوایی ئیسرائیل و ئێران گۆڕانكارییان لە بنەمای یاریكردن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست كرد، نەك تەنیا لە نێوان تاران و تەلئەبیب، بەڵكو لە نێوان دوو گەورەترین هێزی دنیا، واتە چین و ئەمەریكا، كاتێك شەڕی بێدەنگیی ئەوان زیاتر پەرەی سەند، چونكە هەریەكەیان هەوڵی داڕشتنەوەی دۆخی ناوچەكە بەپێی ئەجیندا و بەرژەوەندییەكانی خۆی دەدات، كاتێك واشنتن هێزی سەربازی و سیاسیی خۆی پێشان دا، چین جموجۆڵێكی دیپلۆماسی هەبوو.
كەناڵی 14ی ئیسرائیلی دەڵێت، چین هێزێكی سەرەكییە لە بازرگانیی دنیا، بەتایبەتی هاوبەشێكی ستراتیجییە بۆ ئێران لە چوارچێوەی پلانی "پشتێنە و رێگە"، ئەو دەیەوێ پێوەندییە بازرگانییەكانی لە رێگەی ژێرخانی زەوینی و دەریایی بەهێز بكات، بۆیەش پاڵپشتیی لە سەقامگیریی دۆخی رژێمی ئێران دەكات بۆ مسۆگەركردنی تێپەڕبوونی كاڵاكان بە رێگە ستراتیجییەكانەوە، لەوكاتەی شەڕێكی سارد و ململانێیەكی بەهێی ئابووری و تەكنۆلۆجی و جیۆستراتیجی لە نێوان ئەمەریكا و چین هەیە، كە كاریگەریی گەورەی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، چین دەیەوێ لە رێگەی وەبەرهێنان لە پڕۆژەكانی بەندەر و ژێرخانی وزە بوونی خۆی لە ناوچەكە بەهێز بكات، هاوكات پاڵپشتی لە وڵاتانی وەك ئێران دەكات بۆ هاوسەنگكردنی دەسەڵات و هێزی ئەمەریكا لە ناوچەكە.
كەناڵەكە دووپاتی كردەوە، شەڕی دوایی ئیسرائیل و ئێران بووە گۆڕەپانێكی رووبەڕووبوونەوەی ناراستەوخۆی ئەمەریكا و چین، لە چوارچێوەی ململانێ دەسەڵات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەریكا دەستوەردانی سەربازی هەڵبژارد، كەچی چین تەنیا داوای هێوربوونەوەی كرد و كاریگەریی گەورەی لەسەر دۆخەكە نەبوو، ئەوەش دووپاتی دەكاتەوە كە ئەمەریكا بەتەنیا خاوەن هێزی سەربازی و سیاسییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چین تەنیا هاوبەشێكی ئابوورییە بۆ ئێران.