نەتەنیاهۆ: لە رەگوڕیشەوە حەماس لەناو دەبەین

:: AM:09:56:03/07/2025 ‌
لە كاتێكدا تاوتوێی ئاگربەست لە كەرتی غەزەدا هەیە، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رای گەیاند، دوای شەڕەكە حەماس بوونی نامێنێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم سێی تەمووز، لە بەیاننامەیەكدا كە نووسینگەی نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بڵاوی كردووەتەوە، لە میانەی گوتارێكی نەتەنیاهۆدا كە لە باشووری ئیسرائیل پێشكەشی كردووە و دەڵێت، دوای شەڕەكە چیتر حەماس نامێنێت.

نەتەنیاهۆ ئاماژەی بەوەیش كرد، هەموو بارمتەكان ئازاد دەكەین و حەماس لە رەگوڕیشەوە لەناو دەبەین.

دوو رۆژ لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، ئیسرائیل رازی بووە بە مەرجەكانی ئاگربەستی 60 رۆژە، لەم ماوەیەدا ئەمەریكا لەگەڵ هەموو لایەنەكان كار دەكات بۆ كۆتاهێنان بەو شەڕە و داوای لە حەماسیش كردووە كە بە رێككەوتنەكە رازی بێت.

لای خۆیەوە لەبارەی ئاگربەستەوە حەماس لە كەناڵی تیلیگرامی خۆی بڵاوی كردەوە، "ئێمە بە بەرپرسیاریەتییەوە لەو پێشنیازە نزیك دەبینەوە"، هەروەها لێكۆڵینەوە لەو پێشنیازە دەكەین.

جەدعون ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەبارەی ئاگربەستەكەوە گوتی، زۆرینەی ئەندامانی حكوومەت پێشوازیی لەو ئاگربەستە دەكەن.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو بنیامین نەتەنیاهۆ سەردانی واشنتن بكات و چاوی بە دۆناڵد ترەمپ بكەوێت.





وشە - پێشەنگ مەحموود