ئێزگەی سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە ئەمڕۆ پێنجشەم درۆنێكی ئیسرائیلی ئەندامێكی فەیلەقی قودسی باڵی دەرەوەی سوپای پاسدارانی ئێرانی لە لبنان كوشتووە، ئەو كەسە رۆڵی هەبووە لە دابەشكردنی چەك لە لبنان.
ئێزگەكە باسی ئەوەی كرد هێرشەكە لە باشووری بەیرووت رووی داوە، ئامانجەكە لەناو ئۆتۆمبێلێك بووە و لە رێگەی درۆنێكەوە كراوەتە ئامانج، ئاژانسی نیشتمانی راگەیاندنی لبنانیش گوتی، درۆنێك ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی لەسەر رێگەی خێرا لە دەروازەی باشووری بەیرووت كردووەتە ئامانج، بەڵام زانیاریی زیاتری لەبارەی ناسنامەی ئەو كەسە زیانەكان باس نەكرد.
وەزارەتی تەندروستی لبنان باسی كوژراوێك و سێ برینداری بەهۆی هێرشەكە كرد، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەو كەسە رۆڵی لە قاچاغیی چەك هەبووە بۆ بەرژەوەندی فەیلەقی قودس، بەپێی سەرچاوەكانیش ئەو كەسە ناوی قاسم حوسێنییە و هێرشەكە دوای هەفتەیەك لە رێككەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە دوای شەڕێكی 12 رۆژە دێت، كە لە 13ی مانگی رابردوو دەستی پێ كرد و ژمارەیەكی زۆر لە فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران و زانا ئەتۆمییەكانی لەناو بران.