ترەمپ و پوتین باسی چیان كرد؟

:: PM:08:17:03/07/2025 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ساز كرد و وەك كۆشكی سەرۆكایەتیی رووسیا ئاماژەی بۆ كرد ئەوان لە ماوەی نیزكەی سەعاتێك باسی ئێران و دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان كرد.

یۆری ئۆشاكۆڤ بەرپرس لە كرملین گوتی، ترەمپ و پوتین گفتوگۆیەكی تێروتەسەڵیان لەبارەی ئێران و ناوچەكە كرد، پوتین دووپاتی لە پێویستیی چارەسەركردنی ململانێكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رێگەچارەی دیپلۆماسی كردەوە، لەوانەش شەڕی دوایی نێوان ئیسرائیل و ئێران، لایەنی رووسی دووپاتی لە گرنگیی چارەسەركردنی هەموو پرسەكان بە رێگەچارەی سیاسی و دیپلۆماسی كردەوە، هەردوو سەرۆك پێوەندییەكی تەلەفۆنی كردەنی و سنوورداریان ئەنجام دا.  

لە پێوەندییەكەدا پوتین بە ترەمپ گوتووە كە مۆسكۆ لە ئامانجەكانی لە ئۆكراینا پاشگەز نابێتەوە، بەڵام تا ئێستەش گەیشتنی بە چارەسەرێك بۆ ناكۆكییەكان لە رێگەی گفتوگۆكانی لا گرنگە، ئۆشاكۆڤ دووپاتی كردەوە كە لە پێوەندیەكەدا ترەمپ باسی پێویستیی كۆتهاتنی خێرای شەڕی كردووە، پوتینیش گوتوویەتی كە ئامادەن بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆكان، بەڵام پێویستە هۆكاری ریشەیی ناكۆكییەكە چارەسەر بكرێت كە چووەتە چوارەم ساڵیەوە.

بەو پێوەندییەی ئەمڕۆ هەردوو سەرۆك لەوەتەی هاتنی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی لە سەرەتای ئەمساڵەوە شەشەم پێوەندیی تەلەفۆنییە، سەرۆكی ئەمەریكا هەوڵ دەدات شەڕی رووسیا و ئۆكراینا بە رێككەوتنێكی ئاشتی كۆتایی پێ بێنێت و بۆ ئەو مەبەستە گوشاری لەسەر هەردوولای شەڕكەر كردووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل