ئیسرائیل بە رێككەوتنی ئاگربەست لە غەزە رازی بوو و حەماسیش تاوتوێی دەكات

:: PM:09:59:03/07/2025 ‌

شەڕی غەزە كە لە 2023 دەستی پێ كرد تا ئێستە بەردەوامە، ئەمەریكا لە رێگەی نێردراوەكەیەوە هەوڵی رێككەوتنێكی ئاگربەست دەدات و گوشار لە هەردوولاش دەكات بۆ قبووڵكردنی، ئەمڕۆ پێنجشەم بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رازیبوونی وڵاتەكەی بە پێشنیازی ئاگربەست لە غەزە راگەیاند، دووپاتی كردەوە كە چاوەڕوانی وەڵامی بزووتنەوەی حەماس دەكەن، لە بەرانبەردا بزووتنەوەكە دووپاتی كردەوە كە بابەتەكە لەگەڵ گرووپەكانیتر تاوتوێ دەكات.

لای خۆیەوە جیهاد تەها گوتەبێژ بەناوی بزووتنەوەی حەماس رای گەیاند كە ئەوان بە گیانێكی ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ پێشنیازەكە دەكەن بەو شێوەی خزمەت بە بەرژەوەندی گەلی فەلەستین بگەیەنێت و كۆتایی بە شەڕ بێنێت، ئێستەش گفتوگۆ لەگەڵ گرووپەكانیتری فەلەستینی دەكەین بۆ گەڵاڵەبوونی یەك هەڵوێست، جیا لە سازكردنی دیدار لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە بۆ سەرخستنی هەوڵەكانی ئاگربەست.

لای خۆیەوە ئەمڕۆ پێنجشەم نەتنیاهۆ بەڵێنی بە ئیسرائیلییەكان دا بە گەڕاندنەوەی تەواوی بارمتەكان و گوتی، پابەندم بە گەڕانەوەی هەموو بارمتەكان، 20یان زیندوون و ژمارەیەكیشیان گیانیان لەدەست داوە، هەموویان دەگەڕێنینەوە، لەسەر پێشنیازی ئاگربەست رازی بووین و چاوەڕوانی رەزامەندیی حەماس دەكەین، كە پێشبینی دەكرێت لە ماوەی چەند سەعاتی داهاتوو وەڵام بداتەوە.

بەرپرسێكی ئیسرائیلی سەبارەت بە پێشنیازەكە گوتی، رێككەوتنەكە بریتییە لە ئاگربەستێكی 60 رۆژی، لەو ماوەیە سوپای ئیسرائیل لە بەشێكی غەزە پاشەكشە دەكات و گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ غەزە زیاتر دەكرێت، ئەمەریكا و وڵاتانی ناوەندگیر گەرەنتی دەدەن بۆ كۆتاهێنان بەو شەڕە.

رۆژنامەی "ئیدیعۆت ئەحرانۆت"ی ئیسرائیلی ئاماژە دەكات پێشنیازەكە ئازادكردنی 10 بارمتەی ئیسرائیلی لە كۆی 20 بارمتەی زیندوو دەگرێتەوە، لەپاڵ تەرمی 18 بارمەتەی تر لە بەرانبەر ئازادكردنی دیلە فەلەستینییەكان، ئەو پرۆسەیەش بە پێنج قۆناغ لە ماوەی 60 رۆژ دەكرێت، بۆیە لەكاتی رازیبوونی حەماس بەو پێشنیازە، ئەوان دەچنە ناو گفتوگۆیەكی ناراستەوخۆ بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل