ئەمڕۆ پێنجشەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا پڕۆژەیاسای كەمكردنەوەی باج و خەرجییەكانی پەسند كرد كە لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پێشنیاز كرابوو، پڕۆژەكە بە زۆرینە پەسند كرا و رەوانەی لای ترەمپ دەكرێت بۆ واژووكردنی.
ئاژانسی
"رۆیتەرز"، ئاماژەی كرد كە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بە زۆرینەی 218 دەنگ بەرانبەر بە 214 دەنگ پڕۆژەیاساكەی پەسند كرد و رەوانەی لای سەرۆكی ئەمەریكا كراوە بۆ واژووكردنی و بوونی بە یاسایەكی كارپێكراو، چاوەڕوانیش دەكرێت زوو واژووی بكات بۆ ئەوەی لە جەژنی سەربەخۆیی ئەو وڵاتە ببێتە یاسایەكی بەركار.
لە پاڵ درێژەدان بە كەمكردنەوەی باج، كە ترەمپ لە 2017 سەپاندی، هەروەها زیادكردنی خەرجییەكانی سوپا و ئەركی رووبەڕووبوونەوەی كۆچ، پڕۆژەكە 930 ملیار دۆلار لە خەرجی بەرنامەی چاودێریی تەندروستی و یارمەتییەكانی خۆراك بۆ ئەمەریكییە كەمدەرامەتەكان لەخۆ دەگرێت، لەپاڵ هەڵوەشاندنەوەی چەندان هاندانی تر پێوەست بە وزەی سەوز كە جۆ بایدن سەرۆكی پێشوو دایهێنابوو.
ئاژانسی "ئەسیۆشێتید پرێس"، ئاماژەی كرد كە ئەو دەنگدانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ترەمپ و پارتی كۆماری ساتێكی گرنگە، كە ماوەیەكە سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەكە بوون كە لە 940 لاپەڕە پێك دێت، لای خۆیەوە ئیلۆن ماسك ملیاردێری ئەمەریكی رەخنەی لە یاساكە گرت و وا وەسفی كرد كە دەبێت ئەوانەی دەنگیان بۆی داوە هەست بە شەرمەزاری بكەن، بەپێی شیكارییەكی نووسینگەی بودجە لە كۆنگرێس ئەگەر یاساكە پەسند بكرێت تا 2034 نزیكەی 11.8 ملیۆن ئەمەریكی بینەی تەندروستی لەدەست دەدەن و كورتهێنانی داراییش 3.3 تریلیۆن دۆلار لە ماوەی 10 ساڵ زیاد دەكات.