موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر، ئەمڕۆ هەینی چواری تەمووزی 2025، جارێکی تر هەڵوێستی خۆی لەبارەی بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا دووپات کردەوە، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و هاوكات باسی لە چەند مەرجێكیش كرد " تا بەشداریی هەڵبژاردن بكات".
سەدر لە بەیاننامەیەکدا، جارێکی تر پابەندبوونی خۆی بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانەوە ڕاگەیاند. هاوکات، چەند مەرجێکی ئاشکرا کرد کە بە پێشمەرجی ئەو دادەنرێن بۆ بەشداریکردن لە هەر هەڵبژاردنێکدا کە لە داهاتوودا لە عێراق ئەنجام بدرێت، لەوانە:
ڕادەستکردنی "چەک" بە دەوڵەت.
هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان.
بەهێزکردنی سوپا و پۆلیس.
پاراستنی سەربەخۆیی عێراق و نەهێشتنی پاشکۆیەتی.
هەوڵی رژد بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران.
سەدر دووپاتی کردەوە، پشت بە گوێڕایەڵی بنکە جەماوەرییەکەی لە ڕەوتی نیشتمانیی شیعەدا دەبەستێت و دووپاتی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕەوتەکەی لەم هەڵبژاردنەدا بەشدار نابێت.
ئەم بەیاننامەیە لەکاتێکدایە کە ماوەی چەند مانگێک بوو پێشبینیی گەڕانەوەی سەدر بۆ ناو پڕۆسەی سیاسی دەکرا، بەتایبەتی دوای ئەوەی داوای لە لایەنگرانی کردبوو کە کارتی دەنگدانیان نوێ بکەنەوە.
پێشتر چەندین سەرچاوە ئاشکرایان کردبوو کە زۆربەی فراكسیۆنە سیاسییەکان بە جیاوازیی ناو و پێکهاتەکانیانەوە، نوێنەری خۆیان ناردووەتە نەجەف بۆ ئەوەی لە هەڵوێستی ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە تێبگەن و هەوڵبدەن بۆ ڕازیکردنی بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
جێی باسە، موقتەدا سەدر لە حوزەیرانی ساڵی 2022ـدا بڕیاری کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا دابوو و داوای لە سەرجەم 73 پەرلەمانتارەکەی کردبوو کە دەستلەکاربکێشنەوە.