توێژینەوەیەک: سوپای ئەمەریکا گەورەترین پیسکەری ژینگەیە لەسەر ئاستی دامەزراوەکان

:: PM:01:30:04/07/2025 ‌
توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری "PLOS Climate" بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای دەکات کە سوپای ئەمەریکا گەورەترین سەرچاوەی دامەزراوەیی دەرهاویشتنی گازە گەرمکەرەکانی زەوییە لەسەر ئاستی دنیا. توێژینەوەکە ڕوونی دەکاتەوە کە ئەگەر سوپای ئەمەریکا وەک وڵاتێک هەژمار بکرایە، ئەوا لە ڕیزبەندیی 47ـەمین گەورەترین وڵاتانی پیسکەری ژینگەدا جێی دەگرت.

توێژینەوەکە، کە لەلایەن توێژەر ڕایان تۆمبس لە زانکۆی ویلایەتی پێنسیلڤانیاوە سەرپەرشتی کراوە، پشتی بە شیکردنەوەی داتاکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لەنێوان ساڵانی 1975 بۆ 2022 بەستووە و پێوەندیی پتەوی نێوان خەرجیی سەربازی و بەرزبوونەوەی دەرهاویشتنی کاربۆنی ئاشکرا کردووە.

ئەنجامەکان دەریانخستووە کە چالاکییە جۆراوجۆرە سەربازییەکان، وەک چاککردنەوە و پاراستنی بنکە سەربازییەکان، ئەنجامدانی ڕاهێنانەکان، و گواستنەوەی سەرباز و کەرەستە سەربازییەکان، پێویستییان بە بڕێکی زۆر گەورەی وزەیە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دەرهاویشتنی بڕێکی زۆر لە کاربۆن.

زۆربەی ئەم بەکارهێنانە لە سووتەمەنیی فڕۆکەوە دێت، کە لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 55%ی کۆی بەکارهێنانی وزەی ساڵانەی وەزارەتی بەرگری پێکدەهێنێت.

توێژینەوەکە مەزەندەی کردووە کە لەنێوان ساڵانی 2010 و 2019ـدا، سوپای ئەمەریکا نزیکەی 636 ملیۆن تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی بەرهەمهێناوە، کە ئەمەش وای لێدەکات لە پێشەنگی گەورەترین پیسکەرەکانی نێو هەموو دامەزراوە جیهانییەکاندا بێت

توێژینەوەکە دووپاتی کردووەتەوە کە تەنانەت کەمکردنەوەیەکی کەمی خەرجیی سەربازیش دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنیی بەبەردبوو هەبێت. بۆ نموونە، ئەگەر خەرجییەکان ساڵانە بە ڕێژەی 6.59% لەنێوان 2023 و 2032 کەم بکرێنەوە، ئەوا ئەو بڕە وزەیە پاشەکەوت دەکرێت کە یەکسانە بە بەکارهێنانی ساڵانەی ویلایەتی دێلاوێری ئەمەریکی یان تەواوی وڵاتی سلۆڤینیا.


وشە - پۆڵا مەحموود