تەقینەوەیەکی گەورە لە وێستگەیەکی سووتەمەنی لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا ڕوویدا

:: PM:02:04:04/07/2025 ‌
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیتاڵیا، ئەمڕۆ هەینی چواری تەمووزی 2025 ڕایانگەیاند کە بەهۆی تەقینەوەیەک لە وێستگەیەکی سووتەمەنی لە گەڕەکێکی ڕۆژهەڵاتی ڕۆمای پایتەخت، ژمارەیەک کەس بریندار بوون.

دەنگی تەقینەوە گەورەکە، کە لە وێستگەی "ڤیا دێی جۆردیانی" بۆ بەنزین و گاز و گازی شل  ڕووی داوە، لە سەرانسەری پایتەختی ئیتاڵیادا بیستراوە. بەگوێرەی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، تەقینەوەکە بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک کەس، کە سێ کەسیان بە سەختی سووتاون.

ماڵپەڕی هەواڵیی ناوخۆیی "ڕۆما تودەی" (Roma Today) وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە هەورێکی گەورەی دووکەڵ و ئاگر لەسەر وێستگەی سووتەمەنییەکە نیشان دەدات.

هاوکات، بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی گشتی لە ڕۆما ڕای گەیاندووە کە بەپێی ڕێنوێیی پۆلیس، وێستگەی میترۆی "تیانۆ"ی نزیک لە شوێنی ڕووداوەکە داخراوە.


وشە - پۆڵا مەحموود