گوتاربێژی مزگەوتی ئەبو حەنیفە فەتوای دا: فرۆشتنی کارتی دەنگدان حەرامە

:: PM:03:09:04/07/2025 ‌
عەبدولوەهاب سامەڕائی گوتاربێژ و ئیمامی مزگەوتی ئەبو حەنیفە لە بەغدا، ئەمڕۆ هەینی چواری تەمووز، فەتوای حەرامکردنی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدەری دەرکرد و داوای لە دەسەڵاتە تەناهییەكان کرد کە ڕووبەڕووی ئەو دیاردە نوێیە ببنەوە کە لەم دواییانەدا لە بەغدای پایتەخت سەریهەڵداوە و تیایدا کارتی دەنگدان لە بەرانبەر پارەدا "بە بارمتە" دەکرێت.

سامەڕائی لە وتاری نوێژی هەینیدا لە ناوچەی ئەعزەمییەی بەغدا گوتی، لەم ڕۆژانەدا و وەک هەموو هەڵبژاردنێک، بۆرسەی کڕین و فرۆشتنی کارتەکانی دەنگدان دەست پێ دەکات، و گوتیشی، بەڵام ئێستا بیرۆکەیەکی تر دەرکەوتووە، ئەویش بە بارمتەكردنی کارتەکانە.

ئەو ئاشکرای کرد کە لە شاری بەغدا دیاردەیەکی نوێ سەری هەڵداوە کە لەلایەن هەندێک کەسی نامۆوە کە خەڵکی شارەکانی ترن، کڕینی کارتی خەڵکی ئەنجامدەدرێت و ئەم بابەتە بووەتە شتێکی زانراو.

سامەڕائی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، ئێمە هۆشداری لەم دیاردەیە دەدەین و لایەنە تەناهییەكان چاودێریی هەندێک جووڵەیان لەمبارەیەوە کردووە. و دووپاتی کردەوە کە پێویستە بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە بکرێت کە کارتی دەنگدەر دەکڕن، جا بۆ هەر لایەنێک کار بکەن.

لە کۆتاییدا، گوتاربێژی مزگەوتی ئەبو حەنیفە دووپاتی لەوە کردەوە کە فرۆشتنی کارت لە ڕووی شەرعەوە حەرامە و هەرکەسێک ئەو کارە بکات، ئەوا خیانەتکارە لە خودا و نیشتمان.

ئەم فەتوایە لەکاتێکدایە کە دیاردەی کڕینی دەنگ لە عێراقدا بووەتە کارێکی باو و بەرفراوان لە وەرزی هەڵبژاردنەکاندا. بەشێک لە لیست و حیزبە سیاسییەکان لە ڕێگەی پێدانی بەڵێنی دامەزراندن و خزمەتگوزارییەوە، هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی هاووڵاتیان دەدەن.

مەترسیی ئەم دیاردەیە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە دوێنێ نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە فەرمی هۆشداریی دەرکرد و ڕای گەیاند کە هیچ دامەزراندنێکی نوێ بوونی نییە و داوای لە هاووڵاتیان کرد کە نەخەڵەتێن. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە بەکارهێنانی بەڵێنی دامەزراندن بۆ کڕینی دەنگ، بووەتە دیاردەیەکی ئەوەندە گەورە کە حكوومەتی ناچار بە وەڵامدانەوە کردووە.


وشە - پۆڵا مەحموود