كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ: لە ئێرانەوە كریستاڵ و لە سووریاوە كەپتاگۆن هەناردەی عێراق دەكرێن

:: AM:10:00:05/07/2025 ‌
كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ رای گەیاند، زۆرترین مادەی هۆشبەر لە عێراق بڵاو بوونە‌تەوە، لە ئێرانەوە كریستاڵ و لە سووریاوە كەپتاگۆنیش هەناردەی عێراق دەكرێن.

كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە عێراق لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماژە بەوە دەكات، زۆرترین مادەی هۆشبەر لە عێراق بڵاو بوونە‌تەوە، عێراق بووەتە شوێنی ساغكردنەوە و هەناردەكردنی بۆ وڵاتانی تری ناوچەكە و دنیاش.

كۆمسیۆنەكە دەڵێت: زۆرترین كریستاڵ لە ئێران و كەپتاگۆنیش لە سووریاوە دێنە عێراق، هاوكات حەشیش، مەریجوانا و هێرۆین، لە دیارترین ئەو مادانەن كە هەناردەی عێراق دەكرێن و لە عێراقیشەوە دەگوازرێنەوە وڵاتانی تر.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رای گەیاند، بەگوێرەی ریزبەندییەكانی لووتكەی پۆلیسی جیهانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگاكان و مادەی هۆشبەردا، عێراق لە ریزبەندی سێیەمی وڵاتانی دنیادا دێت، بەگوێرەی ئامارەكان، ئەمساڵ زیاتر لە سێ هەزار تۆمەتباری مادەی هۆشبەر گیراون و سزاش بەسەر زیاتر لە 973 بازرگان و ئالوودەبوودا سەپێنراوە، هەروەها نزیكەی سێ تۆن مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرای كردووە، بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر پێویستی بەوەیە شەو و ڕۆژ كار بكەن، تا ئەم بەڵایە دوور دەخەنەوە و گشت تۆڕە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان هەڵدەوەشێننەوە.

بەگوێرەی نوێترین ئاماری دەستبەسەرداگرتنی مادەی هۆشبەر، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرای كردووە، لە باشووری وڵات و لە ئۆپراسیۆنێكدا، دەستیان بەسەر نزیكەی 40 كلیۆگرام لە مادەی هۆشبەردا گرتووە كە لە هێرۆین و كریستاڵ و كەپتاگۆن پێكهاتبوو، هەروەها گەورە بازرگانێكی نێودەوڵەتیش كراوەتە ئامانج.




وشە - سۆران عەزیز