هه‌دیه شادومانی كچی عه‌لی شادومانی فه‌رمانده‌ی پێشووی قه‌رارگه‌ی خاته‌مولئه‌نبیا كه به‌هۆی هێرشی ئیسرائیل كوژرا، زانیارییه‌كی نوێ بۆ میدیاكان ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت، ئاشكرابوونی شوێنی باوكی هیچ پێوه‌ندییه‌كی به ته‌كنه‌لۆجیا نه‌بووه، چونكه باوكی چه‌ند رۆژ پێشتر ته‌واوی مۆبایل و ئامێره‌كانی پێوه‌ست به ته‌كنه‌لۆجیای له خۆی دوور خستبووه‌وه.
عه‌لی شادومانی چه‌ند رۆژ دوای ئه‌وه‌ی به‌و پله‌یه گه‌یشتبوو، له‌لایه‌ن ئیسرائیل كوژرا و پێشتریش ده‌یان فه‌رمانده و به‌رپرسی تری سوپای پاسداران كوژرابوون. ژماره‌یه‌ك له به‌رپرس و میدیاكانی ئێران نووسیبوویان، ئاشكرابوونی شوێنی فه‌رمانده‌كان به‌هۆی وه‌تسئه‌پ و تۆڕی پێوه‌ندییه‌كان بووه.
بۆ نموونه غولامڕه‌زا جه‌لالی سه‌رۆكی یه‌كێك له دامه‌زراوه ئاسمانییه‌كانی سوپای پاسداران، له یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتنیدا بۆ ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی ئێران گوتبووی، وه‌تسئه‌پ هۆكاری سه‌ره‌كیی ئاشكرابوونی شوێنی فه‌رمانده‌كانی ئێران بووه، تۆمه‌تێك كه پێشتر كۆمپانیای مێتا خاوه‌نی پلاتفۆرمه‌كه ره‌تی كردبووه‌وه.
هه‌دیه شادومانی له لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئینستاگرام نووسیویه‌تی، ''رێكاری دۆزینه‌وه‌كانی ئیسرائیل و ده‌ستنیشانكردنی شوێنی فه‌رمانده‌كان زۆر له سه‌رووی وه‌تسئه‌پ و هه‌ر جۆره سیخوڕییه‌كی ئاساییه.''
جگه له‌و كچه، محه‌مه‌د موهاجیری چالاكی سیاسیی نه‌ریتخوازیش، ره‌خنه‌ی له قسه‌كانی جه‌لالی گرتووه و نووسیویه‌تی، له رۆژانی جه‌نگ نه خۆتان ده‌نگتان هه‌بوو و نه دامه‌زراوه‌كه‌تان، ئێسته‌یش هه‌موو هونه‌رێكتان بووه‌ته ئه‌وه‌ی جنێو بده‌ن و وه‌تسئه‌پ تۆمه‌تبار بكه‌ن.
پێویسته بگوترێ هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر فه‌رمانده‌كان و زانایانی ئه‌تۆمی ئه‌وه‌نده ورد بوو كه له یه‌ك كاتدا ده‌یان فه‌رمانده و زانای له ماڵه‌كانی خۆیان و ته‌نانه‌تی له‌ناو شوێنه نهێنییه‌كانیان كوشت، ئه‌مه‌ش بووه مایه‌ی سه‌رسوڕمانی به‌رپرسانی ئێران و تا ئێسته نه‌یانزانیوه ئیسرائیل چۆن توانیویه‌تی ئه‌و هه‌موو زانیارییه ورده‌ی هه‌بێت و ده‌ستی به هه‌مووان بگات.