لە ماوەی دوایی راپۆرتەكانی هەواڵ باسی ئەوەیان كرد بڕیارە ژمارەیەك لە ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی بە سەرپەرشتیی هێزە تەناهییەكانی عێراق چەك دابنێن، ئەو بابەتە لە میدیاكانی توركیا و دنیا باسی لێوە كرا و زانیارییەكان لە بەرپرسانی پەكەكە و توركیا گوازرایەوە، دەم پارتی دووپاتی كردەوە كە پرۆسەی چەكدانانەكە هەفتەی داهاتوو دەبێت.
بەپێی
بەیاننامەیەكی دەم پارتی، ئاشتی و دیموكراسی لە توركیا بە قۆناغێكی نوێدا تێپەڕ دەبن و لە رۆژانێكی مێژووییدا دەژین، پێویستە میدیاكاران چاودێری و رووماڵی پرۆسەی رادەستكردنەوەی چەكی ئەندامانی پەكەكە بكەن، ئەوە لەو كاتەی لە ماوەی دوایی دەم پارتی رەتی كردەوە كە زانیاری لەبارەی شوێن و رۆژی چەكدانانی ژمارەیەك لە ئەندامانی پەكەكە هەبێت و بۆ ئەو بابەتە چاوەڕوانی نامەیەكی نوێن لە عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی گیراوی پەكەكە لە ماوەی داهاتوو.
لەوكاتەی سەرچاوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن چەكدانانی بەشێك لە ئەندامانی پەكەكە لە سلێمانی لە نێوان 10 بۆ 12ی ئەم مانگە دەبێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ئەمڕۆ شەموو گوتی، هەڵوێستی ئێمە لەو بارەوە روونە و گوتمان پێویستە چەكدانانەكە بێ هیچ مەرجێك بێت، پێویستە پەكەكە خۆی هەڵوەشێنێتەوە و پرۆسەی ئاشی ئەوكات بەرەو پێش دەچێت كە پەكەكە دەست بە جێبەجێكردنی بڕیاری دانانی چەكەكەی بكات.
روونی كردەوە، دامەزراوەكانی ئێمە بە وردی چاودێریی هەر هەنگاوێك دەكەن و رێوشوێنی پێویست دەگرنە بەر، لەگەڵ شاندی دەم پارتی گفتوگۆ لەسەر ئەو هەنگاوانە دەكەین كە تا ئێستە وەرگیراون بۆ گەیشتن بە توركیایەكی دوور لە چەك و ئەوەی هەفتەی داهاتوو دەكرێت، چەكدانانی پەكەكە دەبێتە سەرەتای قۆناغێكی نوێ بۆ توركیا لە رووی تەناهی و دیموكراسی و پەرەپێدانەوە.