ئابڕووچوونێكی گەورەی رەیان كلدانی ئاشكرا دەبێت

:: PM:06:11:05/07/2025 ‌

میلیشیاكانی عێراق هەموو شتێك بۆ خۆیان حەڵاڵ دەكەن و ئەوەشی دەستیان پێی نەگات بە حەرام و نانیشتمانی دەزانن، لە عێراقێك كە دەیان دۆسیەی گەندەڵی تیادایە و لایەنی فەرمیش لێیان بێدەنگە، رۆژانە چەند دۆسیەیەك ئاشكرا دەبن، شرۆڤەكارێكی سیاسی باسی گەندەڵییەكی گەورەی رەیان كلدانی ئەمینداری گشتیی بزاوی بابلیوون دەكات.

نزار حەیدەر شرۆڤەكاری سیاسیی عێراقی باسی گەندەڵی و ئابڕووچوونێكی رەیان كلدانی دەكات كە چۆن بڕوانامەی ساختە كردووە، دواتر داوای بەڵگەنامەی دروستیی دەرچوونی بڕوانامەكەی لێ كراوە و ئەویشی ساختە كردووە، هەموو ئەوانەشی بە ملیارێك دۆلار پەردەپۆش كردووە.

لەوكاتەی ئەو كارەی كلدانی بە شەرعیەتدان بە ساختەكاران لە بەرانبەر پارە دادەنرێت، بەوەی كلدانی تەنیا بڕوانامەی نەكڕیوە، بەڵكو بێدەنگیی دەوڵەت و رەزامەندیی دامەزراوەكان و لایەنی چاودێری كڕیوە، حەیدەر زیاتر ئاشكرا دەكات و دەڵێت، رەیان كلدانی كە سەرۆكی بارستەیەكە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانە لەگەڵ قەیس خەزعەلی ئەمنیداری گشتیی گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بابەتەكەیان بە ملیارێك دۆلاری كاش بۆ پەردەپۆش كرد.

ئەو شرڤەكارە باسی نووسراوێك دەكات كە ئاراستەی سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمسیاران كراوە وەك سكاڵا و تیادا ئاماژە بۆ نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی كەرخی بەغدا كراوە و تیایدا هاتووە كە دەركەوتووە نووسراوی پاڵپشتیی دەرچوون، پشتراستكردنەوەی دەرچوونی بڕوانامەی ناوبراو ساختەیە، واتە تەنیا بڕوانامەكەی ساختە نییە، بەڵكو پاڵپشتیی دروستیی دەرچوونی بڕوانامەكەش ساختەیە، ئەوە لەوكاتەی پەرلەمانتار و سەرۆكی بارستەیە و لە پارێزگای نەینەوا كۆنترۆڵی هەموو شتێك دەكات.

حەیدەر دووپاتی كردەوە، بەڵێ كلدانی بڕوانامە و بەڵگەنامەی دروستیی دەرچوونی بڕوانامەكەشی ساختە كردووە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی كەرخی بەغدا و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی نەینەوا ساختەكارییەكەیان ئاشكرا كردووە، بۆیە ئەو كەسێكی ساختەكارە و پێویستە بدرێتە دادگا، جیا لەوە لەلایەن فەرمانگەی تۆماركردنی حزبەكانیش ئەو بابەتە ئاشكرا بووە و داوا كراوە حزبەكەی رەیان تۆمار ناكرێت، چونكە بڕوانامە و بەڵگەنامەی دروستیی دەرچوونی بڕوامەكەی ساختەیە، ئەو دەپرسێت، ئاخۆ ئێستە ئەو ساختەكارییە بكات ئەگەر سبەی ببێتە سەرۆك كۆمار چی ساختە دەكات؟   



وشە - تایبه‌ت