سواڵكردن لە عێراق پەرە دەستێنێ.. كێ بەرپرسیارە؟

:: PM:07:20:05/07/2025 ‌

عێراق یەكێكە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی ناوچەكە، كەچی بەهۆی گەندەڵی و خراپیی ئیدارەدان و دەسەڵاتی میلیشیا و باندەكانەوە ئەو سامان و دەوڵەمەندییە لەسەر ژیان و گوزەرانی گەلەكەی رەنگی نەداوەتەوە، یەكێك لەو كێشانەی هەیە هەژاری و كەمدەرامەتی و بێكارییە، كە وای كردووە دیاردەی سواڵكردن زیاتر ببێت، ئەوەشی بابەتەكەی قورستر كردووە لە لایەن باند و میلیشیاكانەوە بازرگانی پێوە دەكرێت.

فازڵ غەراوی سەرۆكی ناوەندی ستراتیجیی مافی مرۆڤ پێی وایە دیاردەی سواڵكردن لە عێراق تەنیا لەسەر ئاستێكی تاكەكەسی یان حاڵەتێكی دابڕاوی كۆمەڵایەتی نەماوە، بەڵكو بووەتە بازرگانییەكەی رێكخراو لە لایەن باندە تاوانكارییەكانەوە سەرپەرشتی دەكرێت، ئەوان توێژە لاواز و هەژارەكان لە ژن و منداڵان بەكاردێنن و ئامرازی جیاجیا دەگرنە بەر بۆ دزەكردنە ناو كۆمەڵگە. 

روونی كردەوە، ئێستە باندەكان سواڵكەران لە دەرەوەی عێراق بە ناوی دەستی كار و گەشتیاریی ئاینی و پەناخوازی دێنن، ئەوان زیاتر لە رەگەزی ئاسیایین وەك بەنگلادیش و لە سووریاش، ئەوان بۆ سواڵكردن دێننە ناو عێراق، روونی كردەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 زیاتر لە 40 هەزار سواڵكەری بیانی دوورخستووەتەوە، كەچی هێشتا هەزارانی تر ماون ئەو كارە دەكەن.

غەراوی دووپاتی كردەوە، شێوازی نوێی سواڵكردن لە عێراق سەری هەڵداوە، لەوانە سواڵكردنی ئەلیكترۆنی و تەندروستی و خۆحەشاردان لەپشت حاڵەتی ساختەی مرۆیی یان كۆمەڵایەتی، ئەوەش لە چوارچێوەی كاركردنێكی رێكخراو كە باندە تاوانكارییەكان كاری بازرگانیكردن بە مرۆڤی پێ ئەنجام دەدەن.  

سەرۆكی ناوەندەكە ئاماژەی كرد، سوودبینین لە دۆخە ئابووری و یاسایی و تەناهییەكە بووەتە هۆی تەشەنەكردنێكی مەترسیداری ئەو دیاردەیە، بۆیە پێویستە حكوومەت هەڵمەتێكی فرەوان ساز بكات و ئەوان بگەڕێنێتەوە وڵاتەكانیان و راوەدووی یاسایی باندەكانیش بنێت، هاوكات دۆخی توێژە لاوازەكان باشتر بكرێت و بژێوی ژیانیان بۆ دابین بكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل