تا ئێستەش لە دوای شەڕە 12 رۆژییەكەی مانگی رابردووی ئیسرائیل و ئێران، گوشارەكانی سەر ئێران لە لایەن ئەمەریكا بەردەوامن، لەوكاتەی چاوەڕوان دەكرێت شەشەم گەڕی گفتوگۆكان لە نێوان تاران و واشنتن دەست پێ بكاتەوە، سوپاسالاری گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە لەهەر هێرشێكی نوێی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەكەی دەداتەوە.
لیوا عەبدولرەحیم مووسەوی سوپاسالاری گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران گوتی، پلانێمان داناوە دوژمن بێچارە و پەككەوتە بكەین، ئەوەش لەسەر فەرمانی رابەری شۆڕشی ئیسلامی، بابەتی بەرنامەی ئەتۆمی پاساوێك بوو بۆ هێرشكردنە سەر ئێران و لەناوبردنی رژێمەكەی، بەڵام گەلانی ئێران سەر كەوتن.
ئەو قسانەی رەحیمی لە كاتێك دێت كە رۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی دووپاتی كردەوە كە دەزگە هەواڵگرییەكانی ئیسرائیل لەوانە مۆساد و ئامان، ئامادەسازی دەكەن بۆ ئەگەری رووبەڕووبوونەوەیەكی تری سەربازی لەگەڵ ئێران، لە سایەی پێشبینییەكان بە خۆسازدانی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە لە هێرشەكانی مانگی رابردووی ئیسرائیل كە چەندان ناوچەی هەستیاری ئێرانی گرتەوە.
روونی كردەوە، تەلئەبیب جموجۆڵی ئێران لەسەر چەند ئاستێك بەدی دەكات، لەوانە هەوڵی بووژاندنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەكی و پلاندانان بۆ هێرشی تۆڵەسەندنەوە لە دژی ئامانجی ئیسرائیلی لە دەرەوەی ئەو وڵاتە، رۆژنامەكە لە سەرچاوەیەكی باڵای سەربازیی ئیسرائیلی گواستەوە، ئیسرائیل رێگە بە ئێران نادات بۆ بنیاتنانەوەی توانا ئەتۆمی و مووشەكییەكانی و بۆ ئەوەش پێویستی بە هەوڵی هەواڵگری هەیە، ئەو كارەش بە هەردوو دەزگەی مۆساد و ئامان راسپێدراوە، جیا لە هەوڵەكان لەگەڵ ئەمەركیا بۆ دابینكردنی ئازادیی جموجۆڵكردن لە بواری ئاسمانیی ئێران بە هاوشێوەی سووریا و لبنان.