ویتكۆف: سەرۆك ترەمپ سوورە لەسەر گۆڕینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

:: PM:11:37:06/07/2025 ‌

ستیڤ ویتكۆف نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژە دەكات كە لەبارەی سێ دۆسیەی سەرەكی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەشبینە، ئەوانیش غەزە و ئێران و فرەوانبوونی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانە لەگەڵ ئیسرائیل.

روونی كردەوە، گەرموگوڕییەكی زۆر هەیە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس و بابەتەكە بە ئاراستەیەكی راست هەنگاو دەنێت، هیوادارم ئیسرائیل شەڕ لە كەرتی غەزە كۆتایی پێ بێنێت، سەرۆك ترەمپ سوورە لەسەر گۆڕینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پابەندیش بە ئاسایشی ئیسرائیل گومانی تیادا نییە.

زیاتر گوتی، ئەگەری هەیە لە داهاتوو قەتەر بێتە ناو رێككەوتنەكانی ئیبراهیمی لەپاڵ وڵاتانی تری وەك سووریا و لبنان، سەبارەت بە سعوودیە، ئاساییكردنەوە لەگەڵی بەمنزیكانە نابێت و رەنگە كاتی زیاتری بوێت، بەڵام دوور نییە لە داهاتوو سعوودیە و ئیسرائیل بگەن بە رێككەوتنێكی جیاواز، چونكە سعوودییەكان دەیانەوێ رێككەوتنێكی جیاواز بكەن، رەنگە لە چوارچێوەی رێككەوتنەكانی ئیبراهیمی نەبێت. 

سەبارەت بە ئێران ویتكۆف گوتی، ئەگەری هەیە لەگەڵ ئێران بگەین بە رێككەوتنێك رێگری لێ بكات لە پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەو قسانەی ویتكۆف بەر لە كۆبوونەوەكانی بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دێت كە بڕیارە سبەی دووشەم لە واشنتن ساز بكرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل