وەزارەتی بەرگریی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، لە میانی ئۆپراسیۆنەكانی گەڕان و پشكنین لە یەكێك لە ئەشكەوتەكانی باشووری كوردستان و لە ناوچەی ئۆپراسیۆن، 19 سەرباز بەر گازی میسان كەوتوون و پێنجیان گیانیان لە دەست داوە.
ئەمڕۆ دووشەم حەوتی تەمووز، وەزارەتی بەرگریی توركیا بڵاوی كردەوە، ژمارەی ئەو سەربازانەی بەهۆی گازی میسان گیانیان لە دەست داوە، گەیشتە هەشت سەرباز.
لە بڵاوكراوەكەی وەزارەتەكەدا هاتووە، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنە بەردەوامەكان بۆ گەڕان و پشكنین لە یەكێك لە ئەشكەوتەكانی باشووری كوردستان كە بەرزییەكەی 852 مەترە لە ئاستی دەریاوە، 19 سەربازیان بە گازی میسان ژەهراوی بوون.
ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو ئەشكەوتە پێشتر وەك نەخۆشخانە لەلایەن هێزەكانی پەكەكەوە بەكار هێنراوە لە ناوچەی ئۆپراسیۆنەكان، لە كاتی هەوڵدان بۆ پاككردنەوەی، ڕووداوەكە ڕووی داوە.
دوێنێ بەهۆی گازی ژەهراوی میسانەوە، 19 سەربازی تورك ژەهراوی بوون و دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە، پێنجیان گیانیان لە دەست داوە، ئەمڕۆش سێ سەربازی تر گیانیان لە دەست داوە.