پێگه‌یه‌كی بڕواپێكراوی بواری وزه و نه‌وت ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، ئابڵۆقه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر ئێران، كاریگه‌ریی قووڵیان به‌سه‌ر ئابووری و هه‌روه‌ها ئاسایشی عێراق ده‌بێت.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م حه‌وتی ته‌مووز، ماڵپه‌ڕی ئۆیل پرایس ڕاپۆرتێكی شرۆڤه‌كاری له‌سه‌ر لێكه‌وته‌كانی سزاكانی سه‌ر ئێران بۆ عێراق
بڵاو كرده‌وه. دوای به‌ئامانجگرتنی بنكه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران، واشنتن هه‌ڵمه‌تی ئه‌وپه‌ڕی فشاری كه دۆناڵد تره‌مپ له‌گه‌ڵ هاتنی بۆ ده‌سه‌ڵات دژی تاران ڕاگه‌یاند چڕ كرده‌وه، سه‌رئه‌نجام 30 كه‌س و قه‌واره‌ی بازرگانی و كه‌شتیی تێوه‌گلاو له به‌قاچاخبردنی نه‌وتی ئێران، كه‌وتنه ناو بازنه‌ی سزاكانی ئه‌مه‌ریكاوه.
یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تییه عێراقییانه‌ی به‌ر سزاكانی ئه‌مه‌ریكا كه‌وت، سالم ئه‌حمه‌د سه‌عیده كه گه‌وره بازرگانێكی عێراقییه. سالم به‌وه تۆمه‌تبار كراوه كه له ساڵی 2020ه‌وه، نه‌وتی ئێرانی به ناوی نه‌وتی عێراقی و ئیماراتی فرۆشتووه. به هۆی ئابڵۆقه‌كانی سه‌ری، تاران له ساڵی 2016ه‌وه چه‌ندان فرتوفێڵ بۆ فرۆشتنی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كانی به‌كار دێنێت، له نێوانیاندا دانانی ئاڵای وڵاتی تر له‌سه‌ر كه‌شتییه نه‌وتییه‌كانی و تێكه‌ڵكردنی نه‌وته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی عێراق.
ئه‌گه‌ر سزاكان به‌رده‌وامییان هه‌بێت و عێراق وه‌ك ناوه‌ندێكی ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می نه‌وتی ئێرانی بمێنێته‌وه، ئه‌وا عێراق له چه‌ند لایه‌كه‌وه زیانی پێ ده‌گات. یه‌ك له لێكه‌وته‌كان بریتی ده‌بێت له دوودڵبوون و ساردبوونه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنه‌رانی بواری نه‌وت و گاز و بازرگانی له كاركردن له عێراق، ئه‌مه‌ش لێكه‌وته‌یه‌كی مه‌ترسیداره، چونكه عێراق خۆی قه‌یرانی غازی سروشتیی هه‌یه و پێویستی به هاورده‌كردنه تا بتوانێت كاره‌با بۆ هاووڵاتییانی دابین بكات.
هه‌روه‌ها پێگه‌كه ده‌ڵێت، ڕاسته لێدانه‌كانی ئیسرائیل و ئابڵۆقه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كاریگه‌ریی ئێرانیان له‌سه‌ر عێراق كه‌م كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتا میلیشیا شیعه‌كانی سه‌ربه ئێران به‌هێزن، بۆیه له دوای جه‌نگی نێوان تاران و ته‌لئه‌بیب، ده‌ستیان كردووه به په‌لاماری هه‌رێمی كوردستان له ڕێگه‌ی دڕۆنه‌وه. ئه‌مه وا ده‌كات دۆخی ئاسایشی ناوه‌خۆی عێراق ناڕوون و ناهه‌موار بێت.