میدیاكانی رووسیا بڵاویان كردەوە كە رۆمان ستارۆڤۆیت وەزیری گواستنەوەی رووسیا لە دوای چەند سەعاتێك لە لادانی لە پۆستەكەی بە مردوویی لە ناو ئۆتۆمبێلەكەی دۆزرایەوە، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەش ئاماژە دەكات ئەو خۆی كوشتووە.
ئاژانسی
"تاس"ی رووسی لە لیژنەی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەی گواستەوە كە رۆمان ستارۆڤۆیت بە مردوویی لە ناو ئۆتۆمبێلەكەی خۆی لە ئۆدینتسۆڤۆ دۆزراوەتەوە، ئەوەش لە دوای چەند سەعاتێك لە لادانی لە پۆستەكەی وەك وەزیری گواستنەوە لە لایەن ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا.
سڤیتلانا پیترینكۆ نوێنەری فەرمیی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە ئاماژە دەكات كە تەرمی ئەو وەزیرە پێشووە لەناو ئۆتۆمبێلەكەی دۆزراوەتەوە و بە گولەیەك پێكراوە، لێكۆلینەوە بەردەوامە و پێشبینیی خۆكوشتنی دەكرێت.
شایەنی باسە رۆمان ستارۆڤۆیت لە ئایاری 2024 پۆستی وەزیری گواستنەوەی رووسیای وەرگرتووە و بەیانیی ئەمڕۆ بە فەرمانێكی سەرۆكایەتی لە لایەن پوتین بێ باسكردنی هۆكارەكەی لە پۆستەكەی دوورخراوەتەوە.