ڕووسیا، گوتێرێس بە "بڵاوكردنەوەی "درۆ" تۆمەتبار دەكات

:: PM:12:27:10/07/2025 ‌
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و كارمەندەكانی، بەشێوەیەكی بەردەوام ئەو تۆمەتە ناڕاستانە بڵاو دەكەنەوە كە لەلایەن كیێڤ و وڵاتانی ڕۆژئاواوە هەڵبەستراون، بە ئامانجی سەرەكیی "لەكەداركردنی ناوبانگی ڕووسیایە".

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەكی تونددا، هێرشی كردە سەر سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و رای گەیاند، خۆی و ستافەكەی بەشدارن لە بڵاوكردنەوەی زانیاریی چەواشەكارانە دژی مۆسكۆ.

لە بەیاننامەكەی وەزارەتەكەدا هاتووە: "ئەنتۆنیۆ گوتێرێس و كارمەندەكانی بەشێوەیەكی سیستماتیك ئەو درۆیانە بڵاو دەكەنەوە كە لەلایەن ڕژێمی كیێڤ و پایتەختە ڕۆژئاواییەكانەوە، بە مەبەستی ناشیرینكردنی ڕووسیا پەرەیان پێ دەدرێت."

هەروەها بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەش كردووە كە نەتەوە یەكگرتووەكان كار بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو "درۆیانە" لەسەر ئاستێكی بەرفراوان دەكات و دەشڵێت: "لە هەمان كاتدا بەشێوەیەكی بەرنامە بۆداڕێژراو، چاوپۆشی لە پێشێلكارییە زەقەكانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی دەكەن كە لەلایەن ڕژێمی كیێڤەوە ئەنجام دەدرێن، یان لە باشترین حاڵەتدا تەنیا داوای ددانبەخۆداگرتن لە هەردوولا دەكەن."



وشە - پێشەنگ مەحموود