مانگی رابردوو ئیسرائیل خۆی گەیاندە ئێران و لە ماوەی 12 رۆژدا زیانێكی گەورەی پێ گەیاند، ئەمەریكاش وێستگە ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتەی وێران كرد، شارەزایان پێیان وایە گەیشتنی هێرشەكان بەو شێوەیە بۆ ناو خاكی ئێران كارتی میلیشیاكانی بە دەستی ئێران زۆر لاواز كرد، بۆیە ئەو شەڕە بووە هۆی دابڕانیان لە ناوخۆی عێراق و یەمەن و لبنان و ناوچەكەش كە بە ئاشكرا داوای داماڵین چەكی ئەوان دەكرێت.
عەبدولغەنی غەزبان شارەزا لە بواری تەناهی دەڵێت، شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران تەنیا تارانی لاواز نەكرد، بەڵكو راستەوخۆ كاری كردە سەر ورە و پاڵپشتیكردنی میلیشیاكان لە عێراق و بووە هۆی لێكهەڵوەشانەوەی بەرەی بەرگریكاری.
روونی كردەوە، ئێستە عێراق تاكە ئەڵقەی زیندووی ئەو بەرەیەیە، دوای لێكهەڵوەشانەوەی لە لبنان و سووریا و غەزە، ئەو راستیەش دەنگبەرزكردنەوەی هەندێك لە میلیشیاكان لێك دەداتەوە بۆ داپۆشینی پاشەكشەیان، لە بەرانبەردا گوتارێكی ناوخۆی عێراقی سەری هەڵداوە داوای چاكسازی و كۆتاهێنان بەو بوونە نائاساییەی ئەوان دەكات.
لای خۆیەوە عەبدوڵا روكابی توێژەری سیاسی گوتی، ئەو گردبوونەوە و هاوهەڵوێستییە ئاینی و جەماوەرییەی لە دوای شەڕی ئێران و ئیسرائیل دروست بووە، بەرجەستەی ساتێكی دەگمەنی هۆشیاری لە عێراق دەكات، بەردەوامبوون لە گێژەڵووكەی جەمسەرگیری رەت دەكاتەوە و داوای دەوڵەتێكی نیشتمانی بارمەتەنكراو لە لایەن دەرەوە دەكات.
ئەو توێژەرە ئاماژەی كرد، ئەو دۆخەی ئێستە وا لە میلیشیاكان دەكات بە قووڵی بەخۆیاندا بچنەوە، چونكە چیتر دۆخەكە لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە، بەتایبەتی لە سایەی كەمبوونەوەی دەسەڵاتی ئێران و لاوازبوونی كاریگەری لە چەندان دۆسیە لە ناوچەكە، هەر ئەوەش وای لە چەند لایەنێكی ناوخۆیی عێراق وەك مەرجەعیەتی نەجەف و موقتەدا سەدر كرد دەنگی داماڵینی چەكی ئەوان بە ئاشكرا بەرز بكەنەوە، كە پێشتر شتی وا نەبووە، بۆیە مەترسیی گەورەی ئەمڕۆ لەسەر میلیشیاكان ئەمەریكا و ئیسرائیل نییە، بەڵكو لە ناوخۆی عێراقە كە هۆشیارتر و بوێرتر بووە و داوای كۆتاهاتنی ئەو قۆناغە خوێناوییەی مێژووی عێراق دەكات.