لە سایەی پلانی گۆڕانكاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستە عێراق بە كردەنی كەوتووەتە ناو دۆخێكی نوێ كە بە هەنگاو و بە هێواشی كاریگەریی لاوازبوونی ئێران و بەرەی موقاوەمەتی بەسەردا بەدیار دەكەوێت، بەتایبەتی لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە كۆتایی ئەمساڵ، سیاسەتوانێكی عێراق پێی وایە پڕۆژەیەكی نێودەوڵەتی بۆ رێكخستنەوەی دەسترۆیشتوویی لە عێراق هەیە.
ئەسیل نوجێفی سیاسەتوانی سوننە پێی وایە پڕۆژەیەكی نێودەوڵەتی هەیە و هەرچەند بەرەی دژ بە ئێران بەهێزتر بێت، لە عێراق سوننە و كورد و بەشێكی شیعە دەكەونە ئەو بەرەیەوە، پێشتر سوننە بەهۆی بەهێزی و دەسەڵاتی ئێرانەوە هاكاریان لەگەڵ دەكرد، ئەمڕۆش هەندێك بۆ ترساندنی خەڵك باسی شوێنگرتنەوەی ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە دەكەن، راستییەكە ئەوەیە بەرەی سێیەم لە ناوچەكە دەركەوتووە، كە سعوودیە و كەنداو و توركیا و سووریایە و ئەو بەرە بۆ قبووڵكردن لە عێراق نزیكترە.
سەبارەت بە میلیشیاكانی عێراق و هەڵوێست و گوشارەكانی نێودەوڵەتی لەسەر حكوومەت سەبارەت بەوان گوتی، حكوومەتی عێراق هەوڵ دەدات بوار بە میلیشیاكان بدات بۆ ئەوەی لەوە تێبگەن كە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەمەریكا دۆڕاندنە، بەتایبەتی لە سایەی بوونی ئیدارەیەكی ئەمەریكی كە موجامەلە ناكات، مەبەستی ئیدارەی ترەمپە، هاوكات حكوومەت نایەوێ كۆمەڵگەی شیعە لە ناوخۆدا بتەقێتەوە و هەوڵی خۆلادان لە دروستبوونی ململانێی ناوخۆیی دەدات، بەڵام درك بەوەش دەكات كە لەبەردەم ساتێكی هەستیاردایە و ناتوانرێت فەرامۆش بكرێت.
نوجێفی ئاماژەی كرد، بابەتی دواكەوتنی مووچەی حەشدی شەعبی پێوەندیی بە سزاكانی ئەمەریكاوە هەیە كە بەسەر ژمارەیەك كەسایەتی و گرووپی دیاریكراو سەپێنراوە، هەر لایەنێك پارە بەوانە بدات تووشی سزا دەبێتەوە، بۆیە حكوومەت بە دوای میكانیزمی تردا دەگەڕێت بۆ دابینكردنی پارە بۆیان، كەچی ئەمەریكییەكان ئەوانەش چاودێری دەكەن، پێم وایە ئەوەی روودەدات كاتكوشتنە تا كاتی میلیشیاكان دۆخە نوێیەكە قبووڵ دەكەن و خۆیان لە راكێشانی عێراق بۆ ناو شەڕێك دوور دەخەنەوە كە كەس بۆی ئامادە نییە.