ئەمڕۆ پێنجشەم فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق چاوی بە باڵوێز ستیڤن فاگن كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كەوت و لە دیدارێكدا باسی چەند پرسێكیان كرد، لەوانە كێشە داراییەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان و ئیدارەدانی نەوتی بەرهەمهێنراو لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان.
بەپێی
بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر چەند بابەتێك كردووە، لەوانە پەرەسەندنەكانی دۆخی سیاسی لە عێراق، بەتایبەتی پێوەندییەكانی هەردوو حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان و سەرنجخستنە سەر كێشە داراییەكان و كێشە پێوەندیدارەكان بەوەوە.
بەپێی بەیاننامەكە هەردوولا باسی دۆخی كۆمپانیا ئەمەریكییەكانیان كرد كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، جیا لە پێوەندییەكانی بەغدا و هەولێر تایبەت بە ئیدارەدانی نەوتی بەرهەمهێنراو لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان، فوئاد حوسێن دووپاتی لە گرنگیی گەیشتن بە چارەسەری كردەنی بۆ ئەو بابەتە كردەوە، كە بەڕێوەبردنێكی دادوەرانەی سامانە نیشتمانییەكان فەراهەم بكات و سوودی گشتیی بۆ عێراق هەبێت.
لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی عێراق سووربوونی حكوومەتی عێراقی لەسەر بەهێزكردنی هاریكاری لەگەڵ ئەمەریكا لە بوارە جیاوازەكان دووپات كردەوە، هەروەها لەسەر پاڵپشتیكردنی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری لە عێراق بەو شێوەی خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییە هاوبەشەكانیان بكات.