هۆشداری لە شەپۆلێکی گەرمای "نائاسایی".. پلەی گەرمای زەوی 65 پلە تێدەپەڕێنێت

:: PM:07:55:10/07/2025 ‌
چاودێرانی کەشوهەوا هۆشداری دەدەن لە شەپۆلێکی گەرمای زۆر بەهێز، کە ڕوو لە عێراق و ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە دەکات، ئاماژە بەوە دەکەن، پلەکانی گەرمای سەر زەوی "نەک تەنیا گەرمای هەوا" دەگاتە ئاستێکی بێوێنە و لەوانەیە لە ژمارەیەک ناوچەی ناوەڕاست و باشوور 65 پلەی سەدی تێبپەڕێنێت.

مستەفا کەریم، شارەزای کەشناسی، لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک ڕای گەیاندووە، نەخشە کەشناسییەکان دەری دەخەن، گەرمای سەر زەوی (کە خاک و قیڕ و هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ بەر خۆر دەکەون) لە شارەکانی وەک نەجەف، دیوانییە، واست و بەسرە دەگاتە لووتکە و ڕەنگە 65 پلە تێپەڕێنێت. ئەمەش بەسە بۆ هەڵمکردنی ئاو لە زەوییەوە و زیانی ڕاستەوخۆ بە مرۆڤ و ئاژەڵ و تەنانەت ژێرخانیش دەگەیەنێت.

ئاماژەی بەویەش کردووە، شەپۆلە گەرماکە لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە درێژ دەبێتەوە بۆ کەنداوی عەرەبی، ئێران و باکوری ئەفریقا، هۆکارەکەشی هاتنی بایەکی زۆر گەرمە لە قووڵایی بیابانەوە.

ڕوونی کردووەتەوە، ئەم جۆرە گەرمایە ئاسایی نییە و باری گەرما لە شارەکاندا زیاد دەکات، هەروەها ڕەنگە ببێتە هۆی فشارێکی مەترسیدار لەسەر ئامێرە کارەباییەکان، تێکچوونی تایەی ئۆتۆمبێل، هەروەها مەترسییەکە بۆ منداڵان و بەساڵاچووان دووهێندە دەکات، بەتایبەتی لە کاتەکانی گەرمای زۆردا لە نیوەڕۆدا.

لە کۆتاییدا داوای کردووە، هاووڵاتییان ئاگاداری بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ بن لەگەڵ خاک و قیردا، خۆیان لە هاتنە دەرەوە لەنێوان سەعات 12ی نیوەڕۆ تا چواری ئێوارە بەدوور بگرن، هاوکات هۆشداریی تایبەتیشی دا، بە دانیشتووانی ناوچە کراوە و کشتوکاڵییەکان.


وشە - پۆڵا مەحموود