بڕیارە سبەی هەینی رێوڕەسمێك بۆ چەكدانانی ژمارەیەك لە ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە دەڤەری راپەڕین لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوە بچێت، بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ شاندێكی
پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان گەیشتە هەرێمی كوردستان.
سەبارەت بەو پرۆسەیە عومەر چەلیك گوتەبێژ بە ناوی پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا لە توركیا رای گەیاند كە پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە لە ماوەی چەند مانگێك تەواو دەبێت، ژمارەیەك بەرپرسی هەواڵگری و هێزە چەكدارەكانی توركیا سەرپەرشتیی پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە دەكەن، پێویستە پرۆسەكە لە عێراق لە ماوەی سێ بۆ پێنج مانگ تەواو بێت.
بڕیارە سبەی پرۆسەی چەكدانانی ژمارەیەك لە ئەندامانی پەكەكە، 25 بۆ 30 كەس، لە دەڤەری راپەڕین لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوە بچێت، وەك هەنگاوێك سەركردایەتیی پەكەكە نیازپاكی بەرانبەر بە توركیا لە جێبەجێكردنی بڕیاری سەركردایەتیی حزبەكە لە مانگی ئایاری رابردوو بە چەكدانان و خۆڵهەڵوەشانەوە پێشان دەدات.
بەپێی
سەرچاوەكان دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرخستنی پرۆسەكەن، ئەوەش بۆ گەیشتن بە قۆناغی داهاتووی كە دەكەوێتە سەر توركیا بە وەستانی بۆردمانەكانی بۆ بنكە و بارەگەكانی پەكەكە لە دهۆك و باكوری هەولێر، بەتایبەتی كە رێككەوتن كراوە هەر لایەك هەنگاوێك باوێت لە دوای هەنگاوی لایەنی بەرانبەر.
بەپێی زانیارییەكان ئەو چەكانەی ئەندامانی پەكەكە رادەستیان دەكات بریتین لە چەكی سووك و لە رێوڕەسمەكە ئەوان پابەندیی خۆیان بە بڕیارەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان سەركردەی زیندانیكراوی پەكەكە دووپات دەكەنەوە، پرۆسەكە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حزبە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و توركیا و دەم پارتی و نوێنەری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسەكانی هەواڵگریی عێراق و توركیا دێتە سازكردن.