شەلال گدۆ: ئەمەریكا و فڕەنسا سوورن لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنی دیمەشق

:: PM:09:01:10/07/2025 ‌

دوێنێ كۆبوونەوەیەكی فرەوان لە نێوان شاندی باڵای هەسەدە و خۆسەریی رۆژئاوا و حكوومەتی دیمەشق بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا و فڕەنسا بەڕێوە چوو، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە جێبەجێكردنی رێككەوتنی دیمەشقی مانگی ئاداری رابردووی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع بوو، سەركردەیەكی ئەنەكەسە دووپاتی دەكاتەوە كە ئەمەریكا و فڕەنسا سوورن لەسەر جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی پێشووی دیمەشق.

شەلال گدۆ ئەندامی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا دەڵێت، هەردوو لایەنی ئەمەریكی و فڕەنسی لەسەر جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی ئاداری رابردووی دیمەشق سوورن، كە وادەیەك بۆ جێبەجێكردنی دیاری كراوە و ئەگەر هەیە گۆڕانكاری بەسەردا بێت.

گدۆ ئاماژە بۆ نەهامەتییەكانی پێشووی كورد لە سووریا دەكات و دەڵێت، چەند پڕۆژەیەك لە دژی كورد لە سووریا جێبەجێ كران لەوانە دروستكردنی پشتێنەیەكی تەناهی لە عەرەب لە دەشتی قامیشلۆ لە شەستەكانی سەتەی رابردوو، جیا لە زیانكەوتن بە كورد لە دروستكردنی بەنداوی فورات و بەشداری پێنەكردنی كورد لە دامەزراوەكانی دەوڵەت.

ئەو سەركردەی ئەنەكەسە سەبارەت بە داواكارییەكانی ئێستەی كورد لە سووریا گوتی، سیستمێكی نامەركەزیمان لە سووریا دەوێت، چونكە مەركەزیەت شكستی هێناو هۆكارێكی هەڵگیرسانی شۆڕشی سووریا بوو، داوای دداننانی دەستوور بە بوونی گەلی كورد لە سووریا دەكەین، جیا لە دابینكردنی مافە كولتووری و زمانەوانی، داواكاریی ترمان هەیە وەك لابردنی ناوی عەرەبی لە ناوی فەرمیی سووریا و تێبینیمان لەسەر دەستووریی كاتی وڵاتەكەش هەیە.

سەبارەت بە شاندی یەكگرتووی كوردی سووریا گوتی، پێویستە دیمەشق گفتوگۆ لەگەڵ ئەو شاندە بكات و بانگەشەی بكات و پێشوازی لێ بكات، تا ئەو ساتە دەسەڵاتدارانی سووریای نوێ هیچ وەڵامدانەوەیەكیان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بەڵێننامەی هاوبەشی كورد نییە كە لە لایەن كۆنگرەی كورد لە سووریا لە نیسانی رابردوو بڕیاری لەسەر درا.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل