ئۆجەلان لەبری خۆی، وەیسی ئاكتاشی هاوڕێی دەنێرێتە پەرلەمانی توركیا كە لەم ماوەیەدا ئازاد كرا، ئەمەش توركە رەگەزپەرستەكانی تووڕە كردووە.
پێشتر دەوڵەت باخچەلی داوای لە ئۆجەلان كردبوو بچێتە پەرلەمان و لەوێوە بەفەرمی چەكدانانی پەكەكە رابگەیەنێت، بەڵام ئۆجەلان ئەوەی رەت كردەوە، بەپێی ئەو لیستەی دەم پارتی پێشكەشی كردووە، وەیسی ئەكتاش هاوڕێی گرتووخانەی ئۆجەلان لە ئیمراڵی، ئەو لەبری ئۆجەلان ئەو كارە دەكات.
ڕۆژنامەی یەنی چاغ بڵاوی كردووەتەوە، لەناو لیستی ئەو ناوانەی دەم پارتی بڵاوی كردوونەتەوە بە مەبەستی تاوتوێكردنی پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە بۆ ئەوەی بچنە پەرلەمانی توركیا، ناوی وەیسی ئاكتاشی تێدایە.
ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمانی توركیا پێكهاتووە، ناوی "لیژنەی یەكڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموكراسی"یە كە بە مەبەستی ڕەخساندنی زەوینەی یاسایی بۆ پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە پێكهێنراوە، ئەمەش كوردی نیگەران كردووە.
نووسەران و رۆشنبیرانی باكوری كوردستان ئاماژە بەوە دەكەن، لیژنەكە ئەگەر تەنیا كاری چەكدانان بێت، ئەی لە بەرانبەری چی چەك دادەنرێت، ئایا هیچ گۆڕانكارییەكی یاسایی بەرانبەر كورد دەكرێت و گیراوەكانی چەندان ساڵە ئازاد دەكرێن، مافی خوێندن و زمان و فەرهەنگ و كولتوور دەدرێت؟
لیستەكەی دەم پارتی بووەتە هۆی تووڕەبوونی رەگەزپەرستانی تورك، باس لەوە دەكەن كە گوایە توركیا چۆكی بەرانبەر پەكەكە داداوە، لە ژێر ناوی پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە، بەردەوامە لە سازشكردن بۆ ئەو ڕێكخراوە.
وەیسی ئاكتاش لە دایكبووی شاری ئامەدی باكوری كوردستانە، یەكێكە لە گیراوە دێرینەكانی كورد، نیسانی 1994 بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەك و هەوڵدان بۆ پارچەكردنی وڵات گیرا. لە 25ـی تەمووزی 2025 لە گرتووخانەی ئیمراڵی ئازاد كرا.