دۆزینەوەی دەریاچەیەکی گوماناوی لە دیالە کە کارەبای شارێک بەکاردەهێنێت

:: PM:11:43:27/08/2025 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 27ی ئابی 2025، فارس مزاحم جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، دۆزینەوەی دەریاچەیەکی گوماناوی بە ڕووبەری 800 دۆنم لە نێوان ناوچەکانی جبارە و قەرەتەپە ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە کە لە دەرەوەی چاودێریی فەرمی کار دەکات و پرسیاری رژدی لەسەر سروشتی پڕۆژەکە دروست کردووە.

جبوری لە لێدوانێکدا  گوتی: بەکارهێنانی کارەبای ئەم دەریاچەیە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ئاشکرا بوو، دوای ئەوەی ڕۆژێک کارەباکەی بڕا و دەرکەوت کە 1.25 مێگاوات کارەبا بەکاردەهێنێت. " ڕوونی کردەوە کە "ئەم ژمارەیە یەکسانە بە بەکارهێنانی کارەبای چەندین کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، ئەمەش پرسیار لەسەر ئەو لایەنانە دروست دەکات کە لە پشتی پڕۆژەکەوەن."

زیاتر گوتی، جێی سەرسڕمانە کە هیچ لایەنێکی حكوومی زانیاریی وردی لەسەر دەریاچەکە و خاوەنەکەی نییە، لە کاتێکدا هاووڵاتییەکی ئاسایی ناتوانێت دەریاچەیەک بەم قەبارەیە دروست بکات و ڕووبارێکی بۆ ببڕێت.

جبوری داوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلەی کرد بۆ زانینی سەرچاوەی ئاوەکە و ئەو بنەما یاساییەی کە ڕێگە بە بەکارهێنانی ئەم هەموو کارەبایە دەدات.


وشە - پۆڵا مەحموود